۱۳۹۲ آبان ۱۱, شنبه

کەی ئەبێ چەکەکان بێدەنگ بکرێن؟

ئه‌مڕۆ بۆ بینینی هه‌واڵه‌ سیاسی‌‌و کۆمەڵایەتیەکان چوومە نێو یەکێک لە ماڵپەرەکان، لوولەی تفەنگێک بەر چاوم کەوت و یەکسەر کلیکم کرد بۆ ئەوەی بزانم دیسان کێ بە دەستی کێ کوژراوە؟ بەڵام بینم ئەمجارەیان پەلاماری گیانلەبەرانە و ئەویش پشيلەیەکی بەستەزمانە، بەڵام بە پێچەوانەوە فیشەک بەر مێرمنداڵێکی تەمن ١٦ساڵە دەکەوێت.
دیمەنێک لە فیلمی کیسەڵەکانیش دەفڕن / بەهمەن قوبادی 
لە بەر خۆمەوە وتم ئاخۆ ئەم پشیلە بێزمانە چ تاوانێکی ئەنجام دەبێت؟ تۆ بڵیی خواردنی مریشکێک لە لایەن پشیلەیەکەوە تاوانێکی ئەوەندە گەورە بێت کە دەست بۆ چەک بەریت بۆ کوشتنی و ئاکامەکەشی لە دەست دانی لاوێک بێت. کۆمەڵگایەک کە نەریتی تەقەو کوشتن لە ناویدا باوەو کە گرنگ نیە بۆی ئەم لوولە روو لە کوێ دەکا و کێ دەپێکێت. کۆمەڵگایەک کە نرخی مرۆڤ لە لایدا بەهای تفەنگێکی نیە ئاخۆ گیانلەبەرێک چۆن نرخی هەبیێت!
ئەگەر کەسێک دەستی بچێتە کوشتنی گیانلەبەرێک، بە دڵنیایيەوە کوشتنی مرۆڤەکان لای زۆر ئاسانترە هەر چەندە گیانی مرۆڤێک یان گیانلەبەرێک وەک یەک وایە چونکە گیان هەر گیانە یان باشتر وایە بڵێین رۆح!
لێسەندەوەی رۆحی کەسێک یان ئاژەڵێک چ قازانجێک بە ئێمەی مرۆڤ دەدات ، دەتوانم بڵێم مەخابن بۆ ئەو شێوە کارەساتانە كه کۆمەڵگا بەرەو ئاقاری تۆقێنەر دەبات!
بۆ دەبێت مرۆڤەکان ئەوەندە بیر تەسک بن نەتوانن ساتێک بۆ هۆشیاری خۆیان‌و کۆمەڵگاکەیان هەنگاوێکی باش بەرەو پێش هەڵگرن؟ نموونه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ دواكه‌وتوویی‌ عێل‌و عەشيرەت زیندوو کردنەوە کە كه‌ هێندێك كه‌س‌و لایه‌ن هه‌وڵی‌ زۆری‌ بۆ ده‌ده‌ن.
بە بروای دەرونناسان ئەم جۆرەکەسانە لە روی دەروونیە وە زۆر لاوازن بۆیە کاتێک شتێک بۆیان دێتە پێش زۆر بە رق‌و کینەوە به‌ره‌وڕووی‌ دەبنەوە .
لە ژیانی هەر مرۆڤێک گرفت هەیە بەڵام ئەوە ئێمەی مرۆڤین چۆن دەبێت بە شێوەی پۆزەتیڤ هانگاوی بۆ هەڵگرین‌و خۆمان لە چوار چێوەی رق لێبون دەرباز بکەین.
ئیبراهیم ‌فه‌قێ‌دا لە نووسینەکانی دەڵێت:
بیرکردەنەوەو به‌رنامه‌یه‌ك كه بتەوێ هەیە.
بیرکردنەوە مەلەفەکانی ئەقڵ دروست دەکات.
بیرکردنەوە کار لە هزر دەکات.
بیرکردنەوە کار دەکاتە سەر جەستە.
 کە وا بێت ئێمەی مرۆڤ ئەگەر بیر کردنەوەمان بەر فراونتر بکەین گرفتەکانمان کەمتر دەبێتەوەو تووشی کارساتی دڵتەزێنمان ناکات و هەر بۆیە بە بڕوای‌ بیرمه‌ندان کاتێک کە تووشی گرفتێک هاتین پەنا نەبەينە بەر شتێک کە زەرەری هەیە بۆ خۆت و دەورووبەرت.

هیوادارم چیتر لەم کارەساتانه رووبه‌ڕووی‌ هیچ گیانله‌به‌رێك به‌تایبه‌ت مرۆڤه‌كان نه‌بێته‌وه‌.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر