۱۳۹۳ خرداد ۳۰, جمعه

خۆشەویستی بۆ نیشتیمان

 

 

هەموو ئێوارەیەک

 
 
 

 
 
 

ئێوارەی دوێنێ و ئێوارەی ئەمڕۆو ئێوارەی ئێوارەکان هەر هەمووی یەک ئێوارە بوو.
دەزانی لە گەڵ ئێوارەکان خەریک بوو بە گژیەکدا بچین؟
 بەڵێ ئێوارە!!
ئێوارەی من و ئێوارەی تۆ و ئێوارەی ئەوان و هەموو ئێوارەکان یەک گەردەلولە!
بەڵێ گەردەلول!
تۆ لە گەردەلول ناترسی ؟
گوتت ترس؟
بەڵێ، ترس
نا،  لە وڵاتێک کە نرخی ئازادی بە خوێن دەدرێت و چیاکانی بە خوێن وشەی ئازادی
دەنەخشێنێت،، ترس وجودی نیە!
هەموو ئێوارەیەک بە دیار هەواڵ و روداوەکانی ئەم ڕؤژانەی دوایی وەک هەڵۆی بەرزەفڕم  
لێهاتبوو، وام دەزانی پێشمەرگەم و لە نێو سەنگەری بەرگریدام لە خاکو نیشتیمانەکەم.
هەر ساتێک سەدان جار قەزای پێشمەرگەم لە خۆم دەخست.
ڕاستە دەڵێن پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە.
شەهلا یارحوسێنی
18.06.2014
 

۱۳۹۳ خرداد ۱۴, چهارشنبه

دونیا !



ئەم دونیایە کە دونیای تێدا هاتە دونیا، دونیایەکی پڕ لە جەنجاڵی و بێ هەستیە!

دونیا کاتێک لە دونیای مناڵیە، بێ ئاگا لە دونیای گەورەکانە، دونیای گەورەکان پڕە لە زوڵم و زەبرو زەنگ و رۆژانە هەر دونیاکانە دوناییان لێ دەکرێ بە تارمایی ڕەش!

رۆژێک بە خەیاڵ چوومەوەو کەوتمە دونیای مناڵی خۆم، کاتێک تەمەنم گەیشتە ١٥ ساڵ، من هێشتا هەر حەزم لە کۆڵان بوو پێم خۆش بوو خەریکی یاری و ڕاوڕاوێن بم، بەڵام بۆ من زۆر عەیبە چونکە ئیتر ئەوە خەریکە بناغەی مەمکم دادەنێم نەبادە دەستی کەسێک یان دەتوانم بڵێم کوڕێکی بەرکەوێت، چونکە لە کۆمەڵگای کوردەواری، کچ و کوڕ دەستیشیان بەر یەک بکەوێت وا وەیلا.

۱۳۹۳ اردیبهشت ۱۶, سه‌شنبه

ئارەزوو!!


 

کەی قاقای پێکەنینەکان لە دڵەوە سەر چاوە دەگرن و فرمێسکەکان وشک دەکەنەوە؟
نازانم!!

تۆ دەزانی ئەمڕۆ بە درێژایی کات تاوێک دەگریام و تاوێک قاقام لێدەدا؟

نا!

 ئەی ئەوە دەزانی، کە لە ساتەکانی تەنیایی دا یان خەڵوەتیدا حەز دەکەم بفڕم بە دەڤەری ئاسمانا؟

نا!
حەز دەکەم بفڕم وەک مەلێک کە دەزانێت مانای فرین چیە و مانای جوانی سروشت چیە!
ئەی تۆ؟
نازانم!
حەزم دەکرد، ئێستا وەک شەونمی سەرپەڕەی گوڵێک بە سەر گۆناتەوە بتلێمەوە!

ئەی تۆ؟

نازانم!
حەزم دەکرد، ئێستا لە پاساری ماڵە چکۆلانەکەی دەڤەری خۆشەویستی بومایەو وەک چۆلەکە پاساری بە جریوەی بەیانیان سەمام بکردایە!

ئەی تۆ؟

نازانم!

حەزم دەکرد، لە نێو خاتراتی رۆحت تێکەڵ بە نیگاکانی سنوری سورمەیت بم و جوانیت بنەخشێنم!

ئەی تۆ؟

نازانم!!

دەزانم لە مەملەکەتی ئێمەدا، ڕۆژانە حەزەکان دەکوژرێن و فڕین بە ئازادی نامۆیە!

پرسیارەکان بێ جوابن تا ئەو کاتەی ئازادی دەبێتە لانکەی دڵ بۆ پێکەنین.


شەهلا یارحوسێنی

06.05.2014

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

۱۳۹۳ اردیبهشت ۲, سه‌شنبه

ڕێچکەی خەیاڵ!

 
زۆرن ئەوانەی، ڕێچەکەی خەیاڵی عیشق و خۆشەویستی دەگرن، هەندێک دەکەوێتە داوەوەو هەندێک هەر لە ناخەوە خۆشەویستی دەکات و هەندێکیش وەدەستیان هێنا لێی بێبەری دەبن.
زۆربەی ئێمە وەک مرۆڤ هەمیشە لە پێناو خۆشەویستی راستەقینەدا یان دەبینە قوربانی یان قوربانیەکی گەورە دەدەین بۆ وەدەست هێنانی.
ئایا ئێمەی مرۆڤ، چی بکەین بۆ ئەوەی لە دوایدا پەشیمانی نەکێشین لە پێناو خۆشەویستیەکی ناتەندروست؟
وەڵامەکەی لە لای تاک بە تاکی ئێمەیە، ئەویش ئەوەیە یەکەم جار خۆت بناسە، دواتر کەسی بەرامبەر.
لەم ڕۆژانەدا پروفایلی کەسێک کەوەتە پێش چاوم زۆر ئازاری دام چونکە ئەو داوی خۆشەویستی کەوت بوو نەک جارێک بگرە چەند جاریش، ئەم مرۆڤە بەستەزمانە هەندێک سکاڵاو پەشیمانی لە ناو جەرگەی پرۆفایلەکەیدا دانا بوو، یەک لەوانە وێنەی مناڵو دایکێک بوو کە ئەو، خۆی لە شوێنی ئەوان دانا بوو.
لە سەر پردیێکی دارینی پەرینەوە ، پێی"  گوتم" خۆشم دەوێی !!
لە سەر بەرزترین لوتکەی چیایی چاوەڕوانی،  پێی "گوتم"  خۆشم ئەوێی!!
لە سەر لێژاوترین جێگای خەمدا، پێی "گوتم" خۆش ئەوێی!!
لە سەر تاتە بەردێکی لوسی گوێ چەم کە چواردەوری هەر قەوزە بوو، پێی گوتم و پێی گوتم،،، خۆشم ئەوێی!!
بە بەزمی چڕینی گۆرانی و پێهەڵدان بە باڵامدا، پێی" گوتم" خۆشم ئەوێی.
 ئێستا، خەزانی عومری دڵێک وا لە ڕوو دەڵێ، هەستە لە خەوو خۆشەویستی خۆتم بۆ بەیان بکەو بم ئاڵێنە لە دەور باڵای چنارت و بمکە بە هەڵقەی دواین نیشانی عیشقت .
لە خۆزگەی خەیاڵمدا بووم، شەقامەکانی عیشقم هەمووی کرد بوو بە کۆشکی جوانی و هەموو ئاوازەکانی خۆشەویستی تێدا دەوترایەوەو چراکانی نێو کۆشک بریقەدارترین  مەرواریت تێدا بە دی دەکرد.
هاتم و هاتم،،، تا  چرای ژیانت بۆ دابگیرسێنم و سیمایەک لە شەوقی چراکانی نێو کۆشک بکەم بە دەست کەوتی چارەنووسی عیشقێکی بێهاوتاو نەمامی خۆشەویستی بڕوێنم.
 بەڵام مخابن چارەنوس پێچەوانە بوو، تۆفانی نائومێدی هەڵیکردوو هەر چی یادەوەریەکانم بوو لە گەڵ خۆی بردی.
بەڵام، ئەوە بزانە،، لە کۆتایی هەر دابڕانێک هیوایەک بۆ ژیان و بەردەوامییەک هەیە بۆ خۆشەویستی.
شەهلا یارحوسێنی
23.04.2014
 
 




۱۳۹۲ اسفند ۲۰, سه‌شنبه

لەو شوێنەی هیچ وجودی نیە!

لەو شوێنەی، گریان و فرمێسکی حۆریەکان هەیە، هیچ دەنگ نیە!
لەو شوێنەی، گۆمێک بۆن دەکات و  پرچی فریشتەکان زەلکاویە، هیچ شتێک وجودی نیە!
لەو ساتانەی قیژەی فریشتەکان بەرز دەبێتەوەو کراسو پانتۆڵ لە بەریان دادەدڕن،هیچ نەفەس نیە!
لەو شوێنەی کچێک ئەبێتە شەرەفو پیاوێک ئەبێتە قاتڵ، هیچ هەر نیە!
بەرد هاواری لێ هەستا بەڵام مرۆڤی گەمژە سورتەی لێبڕا!
دەریا دەستی کرد بە گریان، بەڵام مرۆڤی گەمژە، پێکەنی!
تنۆک،تنۆک باران دایداو ئاوی مەنگ،، بوو بە گۆمی سەوزو،، لاشەی پەریەکان بە سەر خامەی گۆما پەلیان کێشاو، شەو و ڕۆژ، هەرچی مەلو مەلیچکەکانە دەیانزریکاند!!!
زریکەی مەلەکان بۆ لاواندنەوەی پەریەکان بوو دەیان گوت تاڵە مووەکانی ئەوان تەنافەو خۆمانی پێوە هەڵدواسین.
هێدی ،هێدی، دارە پیری گوێکەنار گۆم، هاتە ورتەو گوتی ڕەگم  بۆنی لاشەی پەریەکانی لێدێت حەزدەکەم بە بۆنی ئەوان مەس بم مەستر لە هەورەکان و خەیاڵاویتر لە با!!
پێم دەڵێن ٨ی مارس پیرۆز!
ئایا لە کام ژن پیرۆزە ؟
 لە ژنێکی پەرلەمانتار؟
یان لە ژنێکی سەرمایەدار؟
یان لە ژنێک لە گۆم دەخنێکت؟
یان لە کچێک بە فیشەکە گوڵباران دەکرێت؟
یان لە کچێک لاقە دەکرێت؟
من دەڵێم هەتا ژنی کورد زوڵمی لێ بکرێت هەرگیز رەوا نیە بە یەکتر بڵێین رۆژی ٨ی مارس پیرۆزە، هەر لەو ڕۆژەدا دەیان و سەدان ژن بوون بە قوربانی لە پێناو وەدستهێنانی بژێوی ژیان و حەقدەستی کاری خۆیان و کەوتنە بەر هێرشی شەق و شەلاقی زلهێزانی پیاو، چەندین ژن گیانیان لە دەستدا.
لە باتی ئەوەی بڵێم پیرۆزە رۆژی ٨ی مارس، دەڵێم زیندو ڕابگیرێت و ڕێگای ژنانی ئەو سەردەمە بەردەوام بێت و نەوەستن لە حەقی خۆتان و داکۆکی بکەن لە مافی رەوای مرۆڤایەتی.
بەرز ڕاگرتنی ٨ی مارس تەنها وە بیرهێنانەوەیەکە بۆ ژنانی جیهان.
شەهلا یارحوسێنی
5.3.2014


۱۳۹۲ بهمن ۲۹, سه‌شنبه

بێ ئاگا لەو دیوی پەنجەرەوە!

 
کە پەنجەرەکەم کردەوە زەلامێکی زەبەلاحو روتوقووتم بینی و یەکەسەر چاوم نوقاندو قیژاندم.
ئەویش زۆر بە شێنەیی گوتی بۆ ئەقیژێنی و چاوت دائەخەیت؟
منیش بە دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە، گوتم تکایە ئەوە ڕەوا نیە لە ئیسلامدا!
زەلامی "زەبەلاح"، دەستی کرد بە پێکەنینو گوتی ئسیلام؟
من خۆم ئیسلامم، هیچی وام نەبیستوە لەو بارەیەوە ئەوە تەنها بۆ ژنە کە ڕەوا نیە ڕووت بێت، توخوا چاوت بکەرەوەو جوان سەیرم بکە بزانە چەندە بە هەیبەتم.
ویستم پەنجەرکە دابخەم یەکسەر نەڕەیەکی کردو گوتی نابێت دایبخەیت من حەز دەکەم
پەنجەرەکان، بۆ من کراوە بێت و خۆم و حەزەکانی خۆم بوروژێنم!
منیش گوتم باشە ئیتر لەمەو بە دوا هەرچی پەنجەرەیە دەیکەمەوەو خۆم لە پەنجەرەکانەوە نیشان ئەدەم کە وا بێت،، من و تۆ فەرقمان نیە!
زەلامی" زەبەلاح " دیسان نەڕەیەکیتری کردو گوتی ئەرێ تۆ تێناگەیت؟
مەگەر لە بیرت چوو من پیاوم و تۆ ژن؟
مەگەر نازانی ژن کێڵگەیە و پیاو جوتیار؟
تۆ چیت ؟؟؟
دیسان ویستم پەنجەرەکە دابخەم بە توندی، بەڵام ئەمجاریان بە توندی پەلاماری دەستیدامو دەستی گرتم.
منیش تا هێزو هەرەکەتم هەبوو، بە دەستەکەیترم زلەیەکم کێشا بە بنا گوێیاو چاوی کەوتە چەخماخەو هاواری لێ بەرز بووەو یەکسەر بەرەردوا خۆی کێشایەوەو بەر پەنجەرەکی بە جێ هێشت و گوتی ئەمەت بە سەر ناچێت.
دوای چەند چرکەیەک خۆم خزاندە بن پەنجەرەکەو هێور بوومەوە.
زەلامی" زەبەلاحیش" ،  هیچ ڕێگایەکیتری نەبوو، دوا جار بۆی  قوچاندو لە چاو وون بوو.
 بەردەوام هەر بیرم لێ ئەکردەوەو لە بەر خۆمەوە دەم گوت، تۆ بڵێی ئەمە دواین جار بێت؟
 تۆ بڵێی جارێکیتر لێم تاین نەبێتەوە؟
بەڵێ!!
ساڵ هاتو ساڵ چوو، ئەمجارەیان پێچەوانەی جاری پێشوو، من خۆم رووت کردبوەوەو وەک هەمیشە پەنجەرەم کراوە بوو.  خۆم لە بەر هەتاوی ئەم دیوی پەنجەرە دا بوو!!
 لاشەیەکی سپی و سافولوس لە گەڵ بریقەی شوشەی پەنجەرەکە تێکەڵ ببون و هەر وەک مانگی یەک شەوە وابوو.
ئاگام لە دونیا نەما بوو لە خەیاڵێکی پڕ ئەفسوناویا بووم حەزم دەکرد  ئەو خەیاڵە  قەت کۆتایی نەهاتایە.  بەڵام،
لە پردا بەردێک و دووان بەر پەنجەرکەم کەوتن، دیسانەوە بەردەکان زیادیان کردو وەک تاوی تەوەرگ هەر بەرد بوو کیفەی دەهاتو خۆی دەکردبە نێو ماڵداو منیش ویستم سەرم بەرزکەمەوە بزانم ئەو بەردانە بۆ خۆیان ئەکەن بە ماڵا؟
لە پڕدا دەنگ بەرز بوەوەو هاواریان کرد " شەیتان" ڕەجم بکەن " شەیتان" ڕەجم بەکەن.
  منیش ئەملاو لای خۆم کرد هیچم نەبینی،  لە بەر خۆمەوە گوتم ئەبێت ئەو " شەیتانە" من بم!!!!!
ئەوندە بێزاری ڕووی تێکردم، هەستامە سەر پێو  بە روتی  گوتم جوان سەیرم بکەن جوان،  هەتا،،، ئەتوانن،، بەرد بارانم بکەن چونکە بەردەکانی ئێوە، هەر هەمووی حەسادەتو شەهوەتەو ئەتانەوێت لە ڕێگای بەردو جەهلەوە خۆتان خاڵی بکەن، لێمدەن هەتا دەتوانن لێمدەن، خۆشە چونکە بە ڕوتی بووم، ئەمەوێت بە روتی  بمرم.
جارو بار،لە ژێر چەپۆکی بەردەباراندا بە لا چاوێکەوە سەیرم دەکرد بۆ ئەوەی بزانم، کەس هەست بە ئازاری من ئەکات؟
بەڵام بە پێچەوانە،، هەر هەموو جاهیلەکان بە دەم قای قای پێکەنینەوە بەردیان بۆ فڕێدەدامو دەیان گوت،، ئەوە دەبوایە هەر هەموومان خۆمان لێ خاڵی بکردایە....دەیان گوت، ئەوە جیهادە جیهاد، ئێمە کوڕی تەنگانەی ئیسلامین و ناهێڵین ئیسلام بەرەو فەسادی بڕوات!!!!!!
ئایا هەر ئەوانە نین خۆیان کردارو بکەرن ؟
ئەی کوا داوێن پاکی ئەوان؟
مەگەر ئەوانە، لە مرۆڤێکی پاک کە هێشتا جەستەی بەر دەستی هیچو،، هیچ،، نەکەوتوە پاکترن؟
ئەی مرۆڤەیاتی تۆ گریانی پاکیزەکان نابیستی؟
ئەی مرۆڤ بۆ بە خۆتا ناچیتەوە ؟
تۆ بڵێی کەی ویژدانە خەوتوەکان بە خەبەر بێنەوە؟
تا کەی ڕاستیەکان زیندە بە چاڵ دەکرێن؟
هەستە ئیتر بەسە خەوی جاهیلی!!!!!
 
شەهلا یارحوسێنی
18.02.2014
نۆروێژ
 


۱۳۹۲ بهمن ۹, چهارشنبه

ڕێبەندان !



ڕێگات گوڵ بێت دەنگت بەرزو دەستت پڕ بێت!

ڕێبەندان!


تۆ بووی بە چرا لە هەر چوار پارچەی وڵاتم!

ڕێبەندان!

تۆ موژدەی ئازادیت و هەموو ساڵێک پڕ لە سەما!

ڕێبەندان!

پەیامەکەت مەدالیایەوە هەموو کاتێک لە ملدایە!

ڕێبەندان!

تۆ سرودی ئەی ڕەقیبی، لە دڵماندا جێت گرتووە!

تۆ ئاڵای سێ رەنگی کوردی، هەتاو لە دڵتا نیشتووە!

تۆ ووشەی پیرۆزی پێشمەرگەی، سینگت وەک قەڵغان گرتووە.


شەهلا یارحوسێنی

22.01.2014

ئاوێنە!



کاتێک لە ئاوێنەی دڵمەوە سەیری سەراپای باڵات دەکەم، هێدی هێدی دەمبەیتەوە بەرە وەرزی خەیاڵ و لە نێو ئامێزی، بیابانی سپیدا دەملاوێنیتەوە.

ئاوێنەکەی من، جار و بار زۆر دڵتەنگە، کاتێک دەکەوینە گفتوگۆ پێکەوە فرمێسکەکانمان وەک ڕێژنەی باران دادێت، ئێوارەی زستانێک بوو دارو دەوەن سەراپا بەرگی سپیان پۆشی بوو!

منیش وەک هەمیشە هەر کە ئێوارە دادەهات، حەزم دەکرد تەنها بم و لە گەڵ ئاوێنەکم بێمە گفتوگۆ، بەڵام بە هەڵکەوت ئەمجارە ئێوارەی ئەم زستانە، ئاوێنەکەم هاتە گفتوگۆو، دەستی کرد بە گێڕانەوەی رازو نیازی دڵی .

ڕازو نیازەکە بەم شێوەیە بوو:

ئێوە هەمیشە بە من ئەڵێن، تۆ کەنیشکێکی باشی تۆ کەنیشکێکی باوەڕ پێکراوی ئێمە باوەڕمان پێتە،

بۆیە بە دورکەوتنەوەیشت زۆر دڵنیان کە هیچ کات توشی نیگەرانیمان ناکەیت.

من دەڵێم ئەو باوەڕو ڕێزە هیچ کات بە تەنها بە دەستم نەهێناوە و نایشمەوێت هیچ کات، ئەو ڕێزو باوەڕە بە دەستم هێناوە لە دەستی بدەم.

من ئەو کەنیشکە نیم ڕێزی خۆم نەپارێزم.

من هەمیشە گوتومە حەز دەکەم دونیا تاقی بکەمەوە، حەزەکەم ژیانێکم هەبێت پڕ لە ڕەنگ و خۆشی بێت، ئەمەوێت خۆشی من لە گەڵ بنەماڵەو دۆستو هاوڕێکانم بێت.

نامەوێت ئەو کەنیشکە بم دوای بیست ساڵیتر هیچ بیرەوەریەکم نەبێت باسی بکەم، ئەمەوێت کەسێک بم بتوانم باسی ڕابردو، خۆشی ڕابردو بکەم لە بەرامبەر خەڵکی گەنج و پیر، باسی کاتی خۆشی و ناخۆشی ژیانم بکەم،بەس بێ ئەزمون ناتوانم. ووتەیەک هەیە ئێژێ بۆ ئەوەی لە پیریدا بە توانا بیت دەبێت لە گەنجیدا کەمێک سەر شێت بیت.

مەبەستم ئەوەیە کە حەز دەکەم پەشیمان بم لەو شتانەی کە کردومە تا ئەوەی پەشیمان بم لەو شتانەی کە نەمکردوە.

چونکە پەشیمان بوونی شتێک وا کردومە و بە چاوی خۆم بینیومە، ئەو کاتە کە گەورە بووم دەتوانم باسی بکەم بۆ خەڵک بەس ئەگەر پەشیمانی شتێک ببم کە نەم کردوە، ئەو کاتە نەک هەر ناتوانم هیچ باسێک بکەم، بەڵکو نایشتوانم وێنەیەک لە مێشکمدا دروست بکەم کە بەو شێوەیە بووە.

من حەز ناکەم ئەو کەنیشکە بم کە هەر لە چوار چێوەی ماڵی خۆیایەو دونیا نابینێت.

من ئەمەوێت ئەو کەنیشکە بم کە لە دەرەوەی ماڵی خۆمدا دونیا ببینم و نەخشەیەک دروست بکەم لە ژیانمدا، نەخشەیەک بۆ داهاتوو.

ئایا من دەتوانم ئەو کەسە بم باوەڕ بە خۆمو بە دەورو بەرم نیشان بدەم؟

ئەی کەی بتوانم ئەو کەسە بم خاوەن قسەی خۆم  بم ؟

ئەی ئەگەر باوەڕم پێدەکەن بۆ ناهێڵن تواناکانی خۆم وە گەڕ بخەم؟

 حەزدەکەم گەشتێک بکەم بە دونیادا و ڕاهێنانێک بکەم لە سەر ژیان،

 حەز دەکەم جیهان ببینم، حەزەکان زۆرن بەڵام پێشگرتنەکان زۆرترینن و حەزەکان دەکوژنو، ئاوێنەکان دەشکێنن!

لەم ڕازونیازەی ئەم جارەدا تەنها شتێک بۆ من سامناک بوو!! ئەویش فرمێسکەکانی ئاوێنەکەم بوو چونکە هەرگیز بەم شێوەیە چاوەکانی ڕێژاو نەبوون.

شەهلا یارحوسێنی

28.01.2014

۱۳۹۲ دی ۱۹, پنجشنبه

کەسەکەم !


بە بینینی  یادگاریەکانت فرمێسکەکانم قەتیس راماون کەسەکەم!

کەسەکەم ،، بۆ تۆ بووم بە قەقنەس و لە خەرمانێکی سوتاو ئەچم!

کەسەکەم،، تۆ هەموو شەوان لە نێو خەیاڵمدا، لە جێی مۆمێک  داتدەنێم!

کەسەکەم،، خۆزگەی حەزەکانت بوون بە دواین دڵۆپە بارانی پایزم!

کەسەکەم،، پێکەنین و زەردەخەنەت نوقمی نەفەسی خەیاڵم بوون!!

ئارەزووم بوو ببینم دوا نیگای ماڵئاوایت، هۆ،،، کەسەکەم!!!

 

شەهلا یارحوسێنی

09.01.2014

هاتن بۆ ماڵی باوان، بەڵام!

 


 لە ترسی بەعسوو گورگە چاوبرسیەکانی ڕژێمی ئەسەد، پەنایان هێنایە پارچەی ئازاد کراو، بۆ ئەوەی داکۆکی لە ماف و کەرامەتی خۆیان بکەن و دەست درێژی نەکرێتە سەریان، سنورەکانی ڕۆژئاوا و باشوریان کردە پردی پێوەندی بۆ ڕزگار بوونیان!

ڕوداوی جیاواز، ڕۆژانە لە کوردستان  بووەتە وێردی سەر زمانی مێدیاکان، ئەوەندە ڕۆژانە روداوی کۆمەڵایەتی بڵاو ئەبێتەوە کەمتر سیاسی، حاڵەتی ڕوداوەکان ئەوندە قێزەونن مرۆڤ بێزی لە مرۆڤایەتی ئەبێتەوە، هەر چەند باس لە کارەساتەکان بکەیت، کە دیکتاتۆرەکان بە سەر گەلی کوردی هێناوە ئەوەندەی ئەوەی جەرگ بڕ نیە کورد بە سەر خۆی دێنێت، دەتوانم بڵێم مەخابن لەم دوایانە باشور بووە بە مۆڵگەی مافیاو ڕۆژ نیە نەبیستین ژنێک کوژرا، کچێک دەستدرێژی کرایە سەر یان ژنێک خۆی کوشت، ئایا کێ لەم کارانە بەر پرسیارە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە حکومەتی هەرێم بەربەستێک بۆ ئەم جۆرە روداوە نەشیاوانە دابنێت؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە یاسای باری کەسێتی کاری پێبکرێت لە چوار چێوەی پراکتیکدا؟ ئایا یاسای دەسڵاتی کوردی بە یاسای خودی هەژمار دەکرێت؟

ئایا دەست درێژی بۆ سەر کچێکی شازدە ساڵە بە گەلە کۆمە، لە کوشتنی ڕۆژنامە نوسێک کەم بایەخترە؟

ئایا پێتان وا نیە کوشتن و دەست درێژی کردنە سەرکچان و ژنان لە کوردستان پێشێل کردنی ئازادی تاکە لە کۆمەڵگا؟

ئایا جەماوەری کوردستان بە تایبەت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئامادەن بێنە سەر شەقام هەر وەک چۆن بۆ کاوە گەرمیانی دەنگی نارەزایەتیان بەرز کردەوەو پارێزگاریان لە ئازادی بیرو ڕا کرد،  هەر بەو شێوەیەش پارێزگاری لە ئازادی ژنان بکەن؟

شەهلا یارحوسێنی

09.01.2014
نۆروێژ

۱۳۹۲ دی ۱۷, سه‌شنبه

مەپرسە!

لێم مەپرسە، بۆ  پەرۆشم بۆت؟
لێم مەپرسە، بۆ  تامەزرۆی هەناسەتم؟
لێم مەپرسە، بۆ دبمە هەوری دڵ پڕ؟
لێم مەپرسە، بۆ بارانم خۆش ئەوێت؟
لێم مەپرسە، بۆ بەفرم خۆش ئەوێت؟
مەپرسە هەرگیز مەپرسە!!!!
دەزانی ئەمە تەنها خورپەیەکە لە دڵی ڕاچڵەکاوم؟
ئەی ئەوە دەزانی لە هەر ڕاچەڵەکانێکدا وشەیکەت بە گوێمدا دەزرنگێتەوە؟
دەزانم تۆ ئیتر لە دورگەی ڕۆحێکی ئەفسوناویدا خۆتم نیشان دەدەیت و ناخم داگیر ئەکەیت.