۱۳۹۲ بهمن ۹, چهارشنبه

ئاوێنە!



کاتێک لە ئاوێنەی دڵمەوە سەیری سەراپای باڵات دەکەم، هێدی هێدی دەمبەیتەوە بەرە وەرزی خەیاڵ و لە نێو ئامێزی، بیابانی سپیدا دەملاوێنیتەوە.

ئاوێنەکەی من، جار و بار زۆر دڵتەنگە، کاتێک دەکەوینە گفتوگۆ پێکەوە فرمێسکەکانمان وەک ڕێژنەی باران دادێت، ئێوارەی زستانێک بوو دارو دەوەن سەراپا بەرگی سپیان پۆشی بوو!

منیش وەک هەمیشە هەر کە ئێوارە دادەهات، حەزم دەکرد تەنها بم و لە گەڵ ئاوێنەکم بێمە گفتوگۆ، بەڵام بە هەڵکەوت ئەمجارە ئێوارەی ئەم زستانە، ئاوێنەکەم هاتە گفتوگۆو، دەستی کرد بە گێڕانەوەی رازو نیازی دڵی .

ڕازو نیازەکە بەم شێوەیە بوو:

ئێوە هەمیشە بە من ئەڵێن، تۆ کەنیشکێکی باشی تۆ کەنیشکێکی باوەڕ پێکراوی ئێمە باوەڕمان پێتە،

بۆیە بە دورکەوتنەوەیشت زۆر دڵنیان کە هیچ کات توشی نیگەرانیمان ناکەیت.

من دەڵێم ئەو باوەڕو ڕێزە هیچ کات بە تەنها بە دەستم نەهێناوە و نایشمەوێت هیچ کات، ئەو ڕێزو باوەڕە بە دەستم هێناوە لە دەستی بدەم.

من ئەو کەنیشکە نیم ڕێزی خۆم نەپارێزم.

من هەمیشە گوتومە حەز دەکەم دونیا تاقی بکەمەوە، حەزەکەم ژیانێکم هەبێت پڕ لە ڕەنگ و خۆشی بێت، ئەمەوێت خۆشی من لە گەڵ بنەماڵەو دۆستو هاوڕێکانم بێت.

نامەوێت ئەو کەنیشکە بم دوای بیست ساڵیتر هیچ بیرەوەریەکم نەبێت باسی بکەم، ئەمەوێت کەسێک بم بتوانم باسی ڕابردو، خۆشی ڕابردو بکەم لە بەرامبەر خەڵکی گەنج و پیر، باسی کاتی خۆشی و ناخۆشی ژیانم بکەم،بەس بێ ئەزمون ناتوانم. ووتەیەک هەیە ئێژێ بۆ ئەوەی لە پیریدا بە توانا بیت دەبێت لە گەنجیدا کەمێک سەر شێت بیت.

مەبەستم ئەوەیە کە حەز دەکەم پەشیمان بم لەو شتانەی کە کردومە تا ئەوەی پەشیمان بم لەو شتانەی کە نەمکردوە.

چونکە پەشیمان بوونی شتێک وا کردومە و بە چاوی خۆم بینیومە، ئەو کاتە کە گەورە بووم دەتوانم باسی بکەم بۆ خەڵک بەس ئەگەر پەشیمانی شتێک ببم کە نەم کردوە، ئەو کاتە نەک هەر ناتوانم هیچ باسێک بکەم، بەڵکو نایشتوانم وێنەیەک لە مێشکمدا دروست بکەم کە بەو شێوەیە بووە.

من حەز ناکەم ئەو کەنیشکە بم کە هەر لە چوار چێوەی ماڵی خۆیایەو دونیا نابینێت.

من ئەمەوێت ئەو کەنیشکە بم کە لە دەرەوەی ماڵی خۆمدا دونیا ببینم و نەخشەیەک دروست بکەم لە ژیانمدا، نەخشەیەک بۆ داهاتوو.

ئایا من دەتوانم ئەو کەسە بم باوەڕ بە خۆمو بە دەورو بەرم نیشان بدەم؟

ئەی کەی بتوانم ئەو کەسە بم خاوەن قسەی خۆم  بم ؟

ئەی ئەگەر باوەڕم پێدەکەن بۆ ناهێڵن تواناکانی خۆم وە گەڕ بخەم؟

 حەزدەکەم گەشتێک بکەم بە دونیادا و ڕاهێنانێک بکەم لە سەر ژیان،

 حەز دەکەم جیهان ببینم، حەزەکان زۆرن بەڵام پێشگرتنەکان زۆرترینن و حەزەکان دەکوژنو، ئاوێنەکان دەشکێنن!

لەم ڕازونیازەی ئەم جارەدا تەنها شتێک بۆ من سامناک بوو!! ئەویش فرمێسکەکانی ئاوێنەکەم بوو چونکە هەرگیز بەم شێوەیە چاوەکانی ڕێژاو نەبوون.

شەهلا یارحوسێنی

28.01.2014

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر