۱۳۹۲ آذر ۱۳, چهارشنبه

ئەمشەو!

ئەمشەو تاوێک لە گەڵ ئەستێرەکانی رۆحت دەدوێم، دەمێکە لە ئاست هەناسەی چرکە ساتەکانت بێدەنگم!
تۆ بڵێی ئەمشەو چ بیانویەکە دڵی من دەیگرێت؟ چ حەسرەتێکە لە ناخم دەکوڵێت؟
ئەمشەو هەناسەیەک بانگم دەکات، نیگایەک بەرەو خۆزگەکانی تا ئەبەد بەدی نەهاتوم ئەبات!
ئەمشەو ترپەی دڵێک ڕامدەچڵەکێنێت و فرمێسکێک گۆنام تەڕ ئەکات!
 
 
شەهلا یارحوسێنی
 
04.12.2013
 


۱۳۹۲ آذر ۱۲, سه‌شنبه

چاوەکەم!

چاوەکەم،، وەرە ببە میوانم!
! من لە مێژە چاوەڕوانی چاوانم
چاوی تۆ،،بوە بە هەنسکی گریانم!
رۆحم بە قوربان چاوی چاوانم!
هێزم پێدە با بگەمە لات تێر بکەم سەیری چاوانت!!!
 
شەهلا یارحوسێنی
03.12.2013 


۱۳۹۲ آذر ۳, یکشنبه

دڵۆپێک لە دەریای ناداد پەروەری!

 
زۆر لە مێژە بە نێو خەیاڵەکانی فرمێسکدا دێم و دەچم بۆ ئەوەی فرمێسکەکانی فرمێسک، لە لاپەڕەیەی نێو یادەوەریەکانمدا هەڵگرم!
فرمێسک، کچێکی شۆخ و شەنگ، ڕوخساری وەک مانگی یەک شەوە دەدرەوشایەوەو هەر بە هۆی سیما پڕ حەزین شیرینەکەی خێزانەکەی، زۆر بە کەمی دەیانهێشت بچێتە دەرەوەو، هەمیشە وەک کەسێکی دەس بە سەر وا بوو.
فرمێسک حەسارێکی پانو بەرینیان هەبوو لە نێو ئەم حەسارەدا دارتوویەکی گەورەیان هەبوو، هەمیشە هاوینان لە ژێر سێبەری دار تووەکە کاتیان بە سەر دەبردو چایی عەسرانەیان لەوێ دەخواردوە.
 کچە گەورەی ماڵ( فرمێسک) دەکەوێتە داوی خۆشەویستی کوڕێک، بە ناوی( شوانە)
خێزانی شوانەیش زۆر لە خێزانی فرمێسک باشتر نەبوون.
ئەم دوو ئاشقە رۆژ لە دوای رۆژ لە نێو حەزەکانی یەکدا، دەتوانەوە.
فرمێسک گڕوتینی خۆشەویستی وای لێ کرد بوو وەک کەسێکی نامۆ خۆی دەبینیەوە لە نێو خێزانەکەی، ڕۆژان بە دەم دڵتەنگیەوە کارو باری ناوماڵی دەکردو فرمێسکەکانی بەردەوام تێکەڵ بە خۆراکی ڕۆژانەی خۆی بوو،  هەمیشە لە خەیاڵی ژیانی خۆیدا بوو کە ئایا بتوانێت ڕۆژێک بێت لە ئامێزی خۆشەویستەکەی خۆی بگرێتەوە؟
چەندە بەرەو ئامێزی خۆشەویستی دەچوو، ئەوەندەیتر، ژیانی دژوارتر دەبوو.
ماڵی فرمێسک، زۆربەی ساتەکان کێشەو ژاوەژاو بوو، بە هۆی ئەوەی کە دەیانزانی کچەکەیان  خۆشەویستی هەیە.
فرمێسک بەردەوام گێچەڵیان پێدەگێڕاو قسەو ناوناتۆرەی نەشیاو رۆژانە بەر گوێی  دەکەوت، زۆر ئاواتی بە مەرگی خۆی دەخواست، دیسانەوە لێوی خۆی دەگەست و دەیگوت: نا، فرمێسک نا، ئارام بگرە ئارام!
ڕۆژگاری خۆشەویستی فرمێسک  پڕ تەماویترین ساتەکانی ژیانی بوو.
ڕۆژێک باوکی لە کونجی ماڵەوە دادەنیشێت و خەیاڵی بەرەو لای فرمێسک پاڵی پێوەدەنێت و، پاکەتەسیگارەکەی دەردێنێتو، سیگارێک پێدەکاو، یەک  نەفەسی قوڵی  لێدەداو دەبینێت فرمێسک وا خەریکی حەوشو حەسارەو خەریکی خاوێنکردنەوەیە، بە دەنگێکی بەرز بانگی لێدەکات، کچم فرە " گیان" تا لای باوکت نایەیت؟ باوکی دەیویست بە قسەی خۆش و نەرم لە گەڵی بدوێت بۆ ئەوە قایلی بکات و پێی دڵێت: کچم کوڕێکی خزمی خۆمان بە تەمایە بێتە خواز بێنیت، تۆ دەبێت واز لەو کوڕە خوێریە بێنی داوای هەر چی بکەیت بۆت دەکەین، ژیانت دەکەوێتە خۆشی پەیمان دەدەم، ئەگەر تۆ ژیانت نەکەوێتە خۆشی من لە بەرچاوی تۆو هەموو خەڵک،" سمێڵی" خۆم دەتاشم.
فرمێسک زۆر نائومێد دەبێت دەڵێت: بابە گیان من ناتوانم مێرد بە کەسێک بکەم کە خۆشم نەوێت ناتوانم درۆ لە گەڵ خۆم بکەم ئەی خەڵک چیم پێدەڵێن دوایی؟ هەموو خەڵک دەزانن من خۆشەویستم هەیە، باوکی زۆر بە توڕەیەوە هاواری لێکردو گوتی هەی" قەحبە" من قسەی باش بۆ تۆ ئەکەم تۆ ئەتەوێت لە نێو خەڵک ئابروو شەرەفمان بەریت؟؟؟ هەتا دەتوانێت، بە هەموو هێزی خۆی، یەک شەپاڵەی بە سەردا دەداو پرچی دەگرێت و بەر پێلەقەی دەدات و بە قسەی ناحەز دەری دەکاتە دەرەوە لە ژوورەکەداو پێی دەڵێت: کەس نەهاتوە بۆ داوات، بەڵام،" تەڵاقم" کەوتبێت سەبینێ  هەر کەس بێت  مارەت ئەکەم لێی.
فرمێسک دەست دەکات بە هاوارو پاڕانەوەو پەلاماری دەستی باوکی دەدات ماچی بکات، باوکی بە هەموو هێزی خۆی پاڵی پێوەدەنێت و لە سەر پشت دەکەوێت. چاوەکانی فرمێسک، لە فرمێسکدا قەتیس رادەمێنن، ئەندامانی خێزانەکەی هەموویان خۆیان کشو مات کردبوو سرتەیان لە دەم نەدەهاتە دەرەوە تەنها دایکی نەبێت بە هاناسەیەکی ساردەوە بەرەو پیری فرمێسک دەچێت و باوەشی پێدادە کاتو پێی دەڵێت: ڕۆڵە گیان کچە شیرینەکەم، بە قسەی دایکی خۆت ئەکەیت لەم گێژاوە خۆت درەباز ئەکەیت واز دێنیت، بەڵام قسەکانی دایکیشی هەر جیگای قایل نەبوون.
رۆژ هات رۆژ چوو، فرمێسک ماوەیەک لە ترسی باوک و ئەندامانی خێزانەکەی پێوەندی کەم دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بڵێن وازی هێناوە، ڕۆژێک بە هەڵکەوت شوانە، بە بەردەرگای ماڵی فرمێسک تێدەپەڕێت، لە پڕداباوکی فرمێسک پەیدا ئەبێت بە یەکدا هەڵدەتەقن، شوانە، زیاتر پێهەڵدەگریت بۆ ئەوەی زووتر لە باوکی فرمێسک تێپەڕ بێت و ملی دادەخات، باوکی فرمێسکیش مۆڕەیەکی لێدەکاتو پێیدەڵیت ئەوە ئاخرین جارە ئەم ڕێگا دووبارەکەیتەوە.
شوانە ئاوڕی لێ ناداتەوەو ملی ڕێگای خۆی بەرنادا.
لە دوای ئەو حاڵەتە،  شوانە بە پەلە گەڕایەوەو، دەست بە جێ،  نامەیەک بە کەسێکدا دەنێرێت بۆ فرمێسک!
دوای چەند رۆژێک، نامەکە  بە دەست فرمێسک دەکەوێت، کە لە لایەن خۆشەویستەکەیەوە بۆی نێردراوە، لە نامەکەدا نوسرابوو: فرمێسکی خۆشەویستم سڵاو، من لەوە زیاتر بەرگەی ئەم چاوەڕوانیە ناگرم دەبێت فکرێک بکەینەوە لە خۆمان، یان دەبێت لە گەڵم بێیت برۆین بە لایەکدا، یان کۆتایی بە نێوانمان بێت.
فرمێسک ئەو ڕۆژە هەتا ئێوارێ مات و مەلەول بوو حەزی نەدەکرد کەس بانگی بکات پێیخۆش بوو لە خەڵوەتیا نقوم بێت، جار ناجارێکیش ئاوڕی لە ئەندامانی خێزانەکەی دەدایەوە بۆ ئەوەی کەس شکی پێنەکەن کە شتێ لە ئارادا هەیە خۆی بە شتێکەوە خەریک ئەکرد.
بەڵام دایکی لە هەموو ئەندامانی خیزانەکەی زیاتر پەرۆشی دەبوو وە باش دەموچاوی دەخوێندەوە، دڵی زۆر بۆی دەسوتا، کە نیگای تێدەبڕی، یەک نەفەسی قوڵی هەڵدەکێشا.
رۆژ ئاوا بوو باڵندەکانی ئاسمان  هەموو بەرەو هێلانەو ماڵ دەفرین، بەڵام فرمێسک هێشتا لە فرینی ژیانێک بەرەو هیوای دوارۆژ، نامۆیەو سنورەکانی لێ داخراوە.
بوو بە نیوە شەو، هەموو خەوتبون، دونیا کشومات، فرمێسک هەر لە نێو گێژاوی بیر کردنەوەدایەوە نازانێت فرینی یەک جاری  هەڵبژێرێت یان نوقمی شەپۆلەکانی دەریای ئۆقیانوسی بێ کۆتایی ببێت، فرمێسکی بەستەزمان وای لێهات بوو باوەڕی بە کەس نەمابوو کە دەردەدڵ و پرسێکی پێبکات.
تەنها خۆی بیری دەکردوە لە گەل ناخی خۆیدا دەدوا، لە قوڵایی بیر کردنەوەدایە. ئەو لە پەڕی هەموو خێزانەکەیانەوە جێگای راخست بوو لە نزیک دەرگەی ژوورەکەیان و هەر چاوی بڕی بوە دەرگاکەو وەک ئەوەی دەلیلی تێگەڕا بێت، هەستێکی سەیری لا دروست ببو.
فرمێسک گوێ قوڵاخ ببو هەستی کرد، خشە خشێک دێت، ئۆقرەی لێبڕا هەستا بە ئەسپایی، بێ سرتە ،
چووە نێو حەسارەکەوە تارمایەکی بینی و بێدنگ بوو،، کاتێک بینی ئەوە خۆشەویستەکەیەتی،( شوانە) زۆر هەڵبڕسکاو ترسێکی سامناکی لێ نیشتبوو، بە دەنگێکی کزو خەماویەوە گوتی بۆ هاتووی بۆ ئێرە؟ ئەگەر پێت بزانن دەازنی چی ڕوودەدات؟
شوانە گوتی: بۆم گرنگ نیە چی ڕوو دەدات.
من هاتووم تۆ ببەم لە گەڵ خۆم من ژیانی خۆم لە سەر تۆ دادەنێم ئەگەر بە قسەم بکەیت.
فرمێسک هەندێک تێڕاماو زمانی پێچا بەیەکداو گوتی ئاخر بۆ کوێ بڕۆین؟
من دەزانم  ناتوانین دەربچین ئیتر پێم ناڵێیت بۆ کوێ؟ بمانگرن ئەو کاتە ژیانی تۆیش بە منەوە کۆتایی پێدێت.
 هەر دوکیان لەم قسانەدا بوون هێدی هێدی  دەستیان لە یەک نزیک دەبێتەوەو
دەیانەوەێت هەناسەیان تێکەڵ بە تاریکی بکەن!
 بەو تاریکیە لە ژێر پەلکی دارەتوی  نێو حەسارەکەیان بە ئەسپای دانیشتنو کەوتنە دەردە دڵی خۆیان، لە نێو قسەوباسی خۆیاندا هەوەسیان نەماو نوقمی حەسرەتو بێ ئۆقرەیی ببون، بە دەم قسەوە بون، دونیا زیاتر و زیاتر تاریکتر دەبوو مانگەشەوو ئەستێرەکان بەرەو لەیەک دابڕان دەچوون، فرمێسکیش لە کۆتاییدا بە
شوانەی گوت: دەزانی من ناتوانم لە گەڵت بێم ؟
 دەزانی ئەمە دواین دیداری من و تۆیە لە تاریکی ؟
دەزانی من ئیتر مردووم؟
شوانە بەم قسانە، زۆر نائومێد بوو گوتی ناتوانم باوەڕ بەوە بکەم، من گەورەترین کۆشکی عەشقم لە خولیای خۆمدا دروست کرد بوو!
 هیچ تێناگەم لەم مەملەکەتەی من تێیدا دەژیم!
فرمێسک: منیش تێناگەم !
 ئەوانیش تێناگەن!
 هەر هەمومان تێناگەین!!
شەهلا یارحوسێنی
24.11.2013
نۆروێژ


۱۳۹۲ آبان ۲۵, شنبه

تەنیایی!


  1. لە حوزنی تەنیاییدا ، دەبم بە قەتیسترین رۆحی نامۆ !
    لە سنورەکانی چاوەڕوانیدا، دەبم بە هەورە دڵپرەکان !
    لە سەفەرەکانی بێ کۆتاییدا، دەبم بە خەیاڵێکی سورمەیی!
    لە دڵی ئاوێکی مەنگدا، دەبم بە شەپۆلە سپیەکانی سنگی دەریا!
    لە  شەوانی بێداریمدا، دەبم بە هاناسەیەک لە وێزگەی خەیاڵ!
    لە کۆتایی شەودا، دەبم بە چاوێکی پڕ فرمێسکو سەرینەکەم،،
    تەڕ تەڕ دەکەم!
     
    شەهلا یارحوسێنی

۱۳۹۲ آبان ۱۱, شنبه

بۆ حەبیبوڵا گوڵپەری پوور!

 


رۆڵە گیان هەناسەکەم پەتی سێدارەی ملت، ملوانکەی زێرینە بۆ میلەتت، دایکی خۆت و نیشتیمانت تێکڕا لایە لایەت بۆ دەکەن!
لایەی خەوێکی ئارام، تۆ ئیتر بنوو ڕۆڵەکەم، ئەمە دواین مەرگ نابێت بۆ ڕۆڵەی میلەتەکەم.

دەزانم من برین...
دارم، برینیێکی تا سەر ئێسقان!
لە سێدارەدانی تۆ، نیشانەی بەرخۆدانی گەلەکەتە، تۆ ئێستا پەپولەی ئازادی وڵاتی و بە ئازادی و سەرفرازی بە ئاسمانی وڵاتدا دەفڕیت، دەفڕیت تا مژدەی ئازادی بێنی بۆ دایکی نیشتیمان!

شەهلا یارحوسێنی 
27.10.2013




من و تۆ

کاتێک کە تۆم ناسی بۆ یەکەم جار هەستێکی سەیرم هەبوو ! پێم خۆش بوو چاو لە چاوم ببڕی بۆ ئەوەی حەزی من بە دی بکەی. بەڵام تۆ لە ترسی من و من لە ترسی ئەوان، نەمانتوانی تێر بۆ یەکدی بڕوانین بۆ ئەوەی نەوەک پێمان بزانن. ئەمانزانی بەرگەی ئازار ناگرین، نە ئەمویست ئازارت بدەن، نە تۆ ئەتویست ئازاری من ببینیت.
ئاخ لەوانەی کە دەمانتۆقێنن چەندە زاڵمن ...، خۆی چاوی هەیە، بەڵام م
ن ئەبێ کوێربم و نەتبینم، خۆی دەستی هەیە بەڵام من ئەبێ بەند بم ،خۆی ئارەزوی هەیە بەڵام من ئەبێ لە خۆمدا رۆژێ چەند جار خۆم بکوژم.
کاتژمێرەکەم دیاری کردووە کە کەی بە بەر ماڵە تەلبەن کراوەکەمدا تێپەڕ ئەبێت. هەر کە چرپەی پێڵاو دەهات، یەکسەر خۆم ئامادە دەکرد بۆ ئەوە بتبینم و چاو ببڕیتە چاوەکانم، بەڵام گوتم تۆ لە ترسی من و من لە ترسی ئەوان! ئەوان کێن؟ ئەوان زۆرن ، باوکم، دایکم برا تاقانەکەم ، خزمە چاوەڕوانەکەم ،
پاڵی دا بە دارە هەڵچنراوەکانی سیلەی حەوشەکەمان و سارد بوویەوە، وەک بڵێی خوێنێکی سارد بە لەشیدا بگەڕێت...
خزمی چاوەڕوان؟

فێمنیزمی رادیکاڵ

فێمنیزمی رادیکاڵ لقێکە لە لقەکانی فێمینزمو زیاتر لە سەر رەگزە بنچینەیەکانی چەوسانەوەی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەوستێت.

بیریارانی ئەم جۆرەی فیێمینزم هەوڵدەدەن ئەو یاسایانە هەڵوەشینەوە کە لە سەر چەوسانەوەی ژنان لە کۆمەڵگەدا وەستاوە.
چمکی رادیکال بە جۆرێک لە جۆرەکان واتایی رەگو ریش دەگەیەنێیت. ئەمەش بەو واتایەدێت فێمینستە رادیکاڵەکان پێیان وایە چەوسانەوەی ژنان باکگرواندێکی ریشەیە و دەیانەوێت کار لە سەر ئەو کەلتورو نەریتانە بکەن کە دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و کۆەڵایەتی زیاد لە ژنان بە پیاواندراوە.
فێمینیستە رادیکاڵەکان زیاتر دەیانەویت تێروانینێک لە سەر ئەو خاڵە دابنێنین کە جیاکاریەک لە نێوان ژنان و پیاواندایە لە کۆمەڵگەدا کە پێویستی بە وەستانە.
سەرەرایی ئەمانەش فێمینیستە رادیکڵەکان زۆر بە ئاکدیمیو بە شێوەیکی هێمنانەو دوور لە توندو تیژی هۆکارە سەرەکیەکانی چەوسانەوەی ژنان دەگێرنەوە بۆ پیاوان و پێان وایە تاکو پیاوان هۆشیار نەبنەوە سەبارەت بە مافەکانی ژنان، یەکسانی توشی کۆسپ و تەگەر دەبێت.

متمانە هەبوون ژیانی مرۆڤەکان ئاسانترو بەختەوەرتر دەکات

لە هەر حیزبێک، رێکخراوەیەک، کاری رۆژانەت ، پێوەندی متمانە بتەوە نەبێت گرفتەکان تا دێت زیاترو ئاڵۆزتر دەبێت! متمانەو هاریکاری نێوان مرۆڤەکان دەتوانێت بیرو باوەرکان لە یەک نزیک بکاتەوەو!
ئەگەر باس لە متمانەو باوەریێک بکەین بەرانبەر بە حیزبێک،دەبێت هەموو ئامانجەکانی بەرنامەو پێرەوکانی بزاینین و لە خۆمان باشتر بیناسن بۆ ئەوەی تەنها لە بەر پلەو پایەو خۆ نیشاندان نەبێت و، بە دەم هەموو بانگەوازیەکانیەوە بینوو لە کاتی تەنگانەدا پاڵپشت بین!
متمانە لە سیاسەتدا دەبێت رۆڵی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ بە‌هێز کردنی دیمۆکراسی لە چوار چێوەی پرنسیپ و بریارکانیدا !

دەرگای ژیان لە کوێ بکەمەوە؟

دەرگای ژیان لە کوێ بکەمەوە؟
چی بکەم بۆ ئەوە بژیم ؟
چۆن بکەم بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ چاوم لێ بکرێت؟
بە چ زمانێک ئازارەکانی خۆمت بۆ باس بکەم؟
ئەم پرسیارانەو سەدان و هەزارن لەم جۆرە پرسیارانەم لە لام دروست بوە نازانم بە چ شێوەیەک وەڵامەکانی وەربگرم.
ژنێکی جوانی خانومان باڵا بەرز وەک عەرعەر!! چاوقاوەیی قژێکی رەشی قەترانی، دەستەکانی رەش بۆر هەڵگەڕابوون لە سەرمادا.
جاروبار خۆی بە نێنۆکەکانییەوە خەریک ئەکرد.
لە سەر یەک چەند جار هەستان و دانیشتنی دەکرد و ئەو پەتووە وا بە سەر رانیوە بوو خۆی پێوە خەریک دەرکرد.
بۆ ئەوەی کاتی لە بەر بروات .
بەڵام ئایا بە چەند هەستان و دانیشتین کاتی رۆژ بە سەر ئەبریت؟
هەر یەک لە ئێمە رۆژانە خەریکین بە کاری خۆمان و زۆر بەی کارەکان چالاکی زۆر تێدایە، بەڵام هەر کات زۆر درەنگ دەروات.

کۆتایی نەهاتنی خەباتی ژنان

قۆناغی نوێی خەبات بۆ رزگاری ژنان،لە بەراورد لە گەڵ فێمینستی ئەم سەدەیە،لە ئاستێکی بەرزدایە!
دیمەنێک لە ژنانی چالاکی رۆژهەڵاتی کوردستان ... گوتاربێژ، رۆیا تلووعی
خەباتی ژنان خەباتێکە بۆ هەتاهەتایی ،لە پێناو وە دست هێنانی ئازادیەکانیان و مافی بەرابەری بۆ ژیانێکی ئارامو دور لە توندو تیژی،ئەگەر چاو لە خەباتی ژنانی دنیای دەروە بکەین ،بۆ نموونە وڵاتێکی وەک نۆرێژ، ژنانی ئەو ووڵاتە، تا رادەیەیکی بەر چاو بە مافەکانی خۆیان گەیشتونو لە زۆر بوارەکانی ژیانی خۆیان ئازاد و سەر بەخۆن بەڵام لە هەمانکاتیشدا هێشتا خۆیان بەو شێوە نیشاندەدەن کە نەگەیشتونتە مافە سەرەکیەکانی خۆیان و پێان وایە ئێستاش لە ژێر زوڵمو ستەمی کۆمڵگەی پیاو سالاریدا دەژین.
لە وڵاتە پێشکەوت خوازەکان دەبینین، رێورەسمی ٨ی مارس بە شێوەی هاتنە سەر شەقام بۆ داکۆکی کردن لە داخوازیەکانی ژنان و بە لافیتە بەرز کردنەوەو شوعار نا بۆ توندتیژی نا بۆ نابەرابەی، بەڵێ بۆ مافی یەکسانی و ئازادی تاک. ژنان دەبێت لە بوارەکانی ژیانی خۆیان حەقی رەوایی خۆیان بناسن و بزان حەق نابێت بۆ تاک بێت ، حەق مافی هەموو مرۆڤێکە بە هەردوو رەگەزەوە.
ژنان دەبێت خەباتی خۆیان بگۆرن بۆ خەباتی دیالۆگو ، بەشداریکردنیان لەکۆرو کۆبونەوە حوزوری و ماڵپەرە ئەلەکترۆنیەکان بۆ پێشخستنی خەباتی ژنان لە بوارە جیاجیاکان ،بە هێز کردنی رێکخراوەکانی ژنان و زیاد کردنی چالاکی بە شێوازی نوێ و کارامە بۆ ئەوەی ژنان خۆیان بتوانن بێنە سەر سەکۆی ئازاد بۆ داکۆکی کردنیان لە حەقی بەش خوراوی خۆیان.حەقی ژنان چین؟ئەمە پرسیارێکە رۆژانە بە دەیانو سەدان جار بە گوێی ژناندا دێت لە لایەن پیاوانەوە ،ژنانێک هەن کە جوابی ئەو پرسیارەیان لە لائاسان نیە،بۆ ئەوەی من لێردا جوابی ئەو پرسیارە بدەمەوە،حەز دەکەم وەک ژنێکی کورد ئەوە بڵێم ،ژن وەک دایک ،خوشک، هاوسەر زوڵمی ئەوەی لێ دەکرێت کە چەندە لێهاتو بیت، هەر بە چاوێکی پلە نزم سەیر دەکرێت،لە چاوی کۆمەڵگەی پیاو سالاریەوە ژن دەبێت تەنها ئەرکی بە خێو کردنی منداڵ و خزمەت کردنی هەیە.
ژنان دەبێت ئەوە بزانن کە ئێستا وەختی ئەوە هاتوە خۆیان لە بەرانبەر ئەو زوڵمو ستەمانە لێیان دەکرێت بێدەنگ نەبن و دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوەو بچنە بەر دەم دامو دەزگا حوکمیەکان و دەسەڵتدارانی وڵات لە پێناو ئازادی بۆ ژنان و بەختیار ی بۆ کۆمەڵ .
نا بۆ ژن کوشتن 
نا بۆ چەوسانەوەو لە ناوبردنی حەزو ئارەزوکانییان.
بەڵێ بۆ ویژدان، پێکەوە ژیان و خۆشەویستی، ئازادی ، راستگۆی مرۆڤەکان
بەردەوام بێت خەباتی ژنان.



کەی ئەبێ چەکەکان بێدەنگ بکرێن؟

ئه‌مڕۆ بۆ بینینی هه‌واڵه‌ سیاسی‌‌و کۆمەڵایەتیەکان چوومە نێو یەکێک لە ماڵپەرەکان، لوولەی تفەنگێک بەر چاوم کەوت و یەکسەر کلیکم کرد بۆ ئەوەی بزانم دیسان کێ بە دەستی کێ کوژراوە؟ بەڵام بینم ئەمجارەیان پەلاماری گیانلەبەرانە و ئەویش پشيلەیەکی بەستەزمانە، بەڵام بە پێچەوانەوە فیشەک بەر مێرمنداڵێکی تەمن ١٦ساڵە دەکەوێت.
دیمەنێک لە فیلمی کیسەڵەکانیش دەفڕن / بەهمەن قوبادی 
لە بەر خۆمەوە وتم ئاخۆ ئەم پشیلە بێزمانە چ تاوانێکی ئەنجام دەبێت؟ تۆ بڵیی خواردنی مریشکێک لە لایەن پشیلەیەکەوە تاوانێکی ئەوەندە گەورە بێت کە دەست بۆ چەک بەریت بۆ کوشتنی و ئاکامەکەشی لە دەست دانی لاوێک بێت. کۆمەڵگایەک کە نەریتی تەقەو کوشتن لە ناویدا باوەو کە گرنگ نیە بۆی ئەم لوولە روو لە کوێ دەکا و کێ دەپێکێت. کۆمەڵگایەک کە نرخی مرۆڤ لە لایدا بەهای تفەنگێکی نیە ئاخۆ گیانلەبەرێک چۆن نرخی هەبیێت!
ئەگەر کەسێک دەستی بچێتە کوشتنی گیانلەبەرێک، بە دڵنیایيەوە کوشتنی مرۆڤەکان لای زۆر ئاسانترە هەر چەندە گیانی مرۆڤێک یان گیانلەبەرێک وەک یەک وایە چونکە گیان هەر گیانە یان باشتر وایە بڵێین رۆح!
لێسەندەوەی رۆحی کەسێک یان ئاژەڵێک چ قازانجێک بە ئێمەی مرۆڤ دەدات ، دەتوانم بڵێم مەخابن بۆ ئەو شێوە کارەساتانە كه کۆمەڵگا بەرەو ئاقاری تۆقێنەر دەبات!
بۆ دەبێت مرۆڤەکان ئەوەندە بیر تەسک بن نەتوانن ساتێک بۆ هۆشیاری خۆیان‌و کۆمەڵگاکەیان هەنگاوێکی باش بەرەو پێش هەڵگرن؟ نموونه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ دواكه‌وتوویی‌ عێل‌و عەشيرەت زیندوو کردنەوە کە كه‌ هێندێك كه‌س‌و لایه‌ن هه‌وڵی‌ زۆری‌ بۆ ده‌ده‌ن.
بە بروای دەرونناسان ئەم جۆرەکەسانە لە روی دەروونیە وە زۆر لاوازن بۆیە کاتێک شتێک بۆیان دێتە پێش زۆر بە رق‌و کینەوە به‌ره‌وڕووی‌ دەبنەوە .
لە ژیانی هەر مرۆڤێک گرفت هەیە بەڵام ئەوە ئێمەی مرۆڤین چۆن دەبێت بە شێوەی پۆزەتیڤ هانگاوی بۆ هەڵگرین‌و خۆمان لە چوار چێوەی رق لێبون دەرباز بکەین.
ئیبراهیم ‌فه‌قێ‌دا لە نووسینەکانی دەڵێت:
بیرکردەنەوەو به‌رنامه‌یه‌ك كه بتەوێ هەیە.
بیرکردنەوە مەلەفەکانی ئەقڵ دروست دەکات.
بیرکردنەوە کار لە هزر دەکات.
بیرکردنەوە کار دەکاتە سەر جەستە.
 کە وا بێت ئێمەی مرۆڤ ئەگەر بیر کردنەوەمان بەر فراونتر بکەین گرفتەکانمان کەمتر دەبێتەوەو تووشی کارساتی دڵتەزێنمان ناکات و هەر بۆیە بە بڕوای‌ بیرمه‌ندان کاتێک کە تووشی گرفتێک هاتین پەنا نەبەينە بەر شتێک کە زەرەری هەیە بۆ خۆت و دەورووبەرت.

هیوادارم چیتر لەم کارەساتانه رووبه‌ڕووی‌ هیچ گیانله‌به‌رێك به‌تایبه‌ت مرۆڤه‌كان نه‌بێته‌وه‌.

‫ژورەکەم و وێنەکانی تۆ!

لە تەنهایی ژورێکی پڕ لە یادەوەریدا، شەو بە دەم هەنسکی گریانەوە, دێمە گفتوگۆ لە گەڵ وێنەکانتدا کە بە دیواری ژورەکەمەوە هەڵواسراوە!
لە گەڵ هەر وێنەیەکەت وشەیەکت دێتەوە یادم!
لە گەڵ یەکەم وێنەدا، بیرم هاتەوە کە گوتمان منداڵمان بوو ناویان لێ دەنێین: مەم، گوڵزار، شاسوار، هەرزاڵ.
ئەم شەو مانگەشەوە،، مانگە شەوێک کە یادەوریەکان لە خۆی دەگرێت و ئەستێرەکان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە.
حەزم کرد ئەم شەو تەنها من و تۆ و ژورەکەم، لە گەڵ وێنەکانتدا تێر بدوێم و هەرچی وشە نەگوتراوەکان بگوترێت و دەستی تەنهاییم بگریت بۆ مەمەلەکەتی خۆت!
من هەست دەکەم کەسێکی یاخیم! یاخییەك کە بیست ساڵ زیاترە هیچ کەس دەرکی پێنەکردوم جگە لە تۆ!
هەرگیز نەمدەزانی تۆ من لە نێو بەرداشی ئەم ژینە پڕ لە نامۆیەدا بە جێدەهێڵت، ئیستا دانیشتووم دەست بە پرچی ماش و برنجی خۆمدا دەهێنم کە لە مێژە دەستەکانی تۆی لێبڕاوە، ئەو دەستانە کە زۆر جار لە نێو تاڵ تاڵی پرچمدا نوقوم دەبوون!
من هەموو شەو لە گەڵ ئاواتەکانی تۆدا خۆم دەلاوێنمەوە و دەڵێم ئەگەر ئەم چوار ئاواتەی تۆ نەبوایە من لە تەنهاییدا دەخنکام و هەرگیز نەمدەتوانی وێنکانت بدوێنم!
هەر چوار ئاواتەکەت ئێستا گەورە بوون و هەر یەک لە ئەوان تۆیان لێ بە دی دەکەم!
گوڵزارو هەرزاڵ شەوان بە گۆرانیەوە من دەکەنە خەو خەوێک کە رێژنە فرمێسکەکان لە گەڵ خۆی دێنێت!
فرمێسکەکانی من ملوانکەی یاقوتی سوری هەر چوار ئاواتەکەی دڵی تۆیە!
ژورەکەم و وێنەکانی تۆ، هەر گیز کۆتایان نایەت !

۱۳۹۲ آبان ۱۰, جمعه

رازی دڵم!

رۆژێکی پاییز بوو .. کزەبایەکی سارد خۆی دەکرد بە ژوورەکەدا .. گەڵای دارپەڵکەکان، لەو دیو پەنجەرەکەوە سەمای ئەکرد.. هەر دوو ئانیشکم نابووە سەر تای پەنجەرەکە و خەیاڵم بە سەمای گەڵاکانەوە گرێ دابوو، زۆر ئارەزووم دەکرد کەسێک بێت و بەدەم دەنگییەوە راچڵەکێم و لێم بپرسێت بۆ بێدەنگیت؟ بەڵام ئەوەی بۆ دەورو بەرم گرینگ نەبوو بێدەنگی من بوو، ئەوان پیان وابوو من حەزم لەو تەماشاکردنەیە .. لە بەر پەنجەرەیەک کە جێ پەنجەی دوێنێی پێوە دیارە هەڵم دایگرتبوو و وێنەم لەسەر کێشابوو، ئێستا تەنیا چڵکنییەکی سەرنجی رائەکێشام .. فێنکی کزەبایەک کە دەهاتە ژوورەکەم گەرمی لەشمی سارد ئەکردەوە، وامدەزانی کەسێک لە تەنیشتمەوە دانیشتوەو ئاوڕ لە سەیر کردنەکەی من ئەداتەوە، زۆر حەزم لە قسە کردن بوو، پێم خۆشبوو ئەو بمدوێنێت ئەو کەسەی رۆح و جەستەمی لە مێژە داگیر کردوە .. ئەو کەسە ناوێکی خۆشی هەیە .. ئەو لە پاڵ ناوەکەی خۆی ناوێکی هەیە خۆشتر لەو ناوانەی کە ئەیبیستم.. زۆر ئارەزوی بیبینی دەکەم و هەر دوعا و پارانەوە دەکەم بۆ ئەوەی رۆژێک لە گەڵم دابنیشێت لە بەردەم ئەم پەنجەرەیەدا و پێکەوە تەماشای سەمای گەڵا و بای پاییزی بکەین، یان نا ... چەشنی گەڵاسەما بکەین! بیرت دێ؟ ئەوکاتەی لێتم پرسی کام وەرزت لا جوانە؟ بە دەم هەناسەیەکی قووڵەوە ... "پاییز". تۆ ئاگات لە من نەمابوو، لە ناو خەیاڵی پاییزا بووی کە من گوتم: "بەهار" .. بەهار جوانە. داچڵەکیت، نا نا ... بەهار هەموو رەنگەکان یەک رەنگن، پاییز وەرزی رەنگی دڵە عاشقەکانە .. ئەی نەتزانیوە؟
من توانیم لە گەڵ پایزدا ببم بە هاورێ .. من بەهارێک بووم کە چاوەڕێی پاییزم ئەکرد.. هەر کات پاییز دەهات رازی دڵم زیاتر دەبوو هەناسەکان قوڵتر دەبوون، دڵم زیاتر بیانووی پێدەگرتم، بەڵام هەر دڵم ئارام دەکردوەو دەمگوت: "بەسە دڵە ئەم جارە نا جارێکی تر". لە پردا بانگێک کرا منیش زۆر پە توندی راچڵەکام، هاواریان کرد وەرە لێرەوە فەرموو، یەکسەر پەنجەرەکەم بە جێهێشت چوومە هەیوانەکەمان و سەیرێکم کرد .. بزانم کێیە ئەوەندە بە پەرۆش پێشوازی لێدەکەن، کاتێک بینم ئەوە خۆیەتی .. ئەوەی من ئارزەووم بوو بیبنم دایکم دەستی کردە ملی و زۆر بە گەرمی خێرهاتنی کرد ئیتر کەوەتە هەواڵ پرسی و بۆ دەنگت نیەوە سەردانمان ناکەی؟ وتی: زۆر سوپاسی هەستان ئەکەم باوەڕ بکەن ئەوەندە سەرقاڵم ناتوانم بچم بۆ هیچ شوێنێک".
ئەوەم لە بیر چوو خۆم زۆر بە شەرمەوە خێراتنم کرد و زۆر حەزم دەکردبیدوێنم، نەم دەتوانی چوون هەموو لە ماڵەوە بوون، هەرچی بێقەراریم بوو بە نیگایەک گواستمەوە تا هەست بکات. زۆرجار نیگایەک هەموو نهێنییەکان ئاشکرا دەکات.. دەمەو ئێوارە کە هات ... زەردەی خۆرەتاو هێدی هێدی خۆی کۆ دەکردەوە و ئەویش هەستایە سەرپێ و ماڵئاوایی بکات و بڕوات. دایکم وتی: "نابێت برۆی ئەبێت لێرە بمێنیتەوە ئەم ئێوارەی خواردن دروست دەکەم ئەبێت بێتەوە". منیش زۆرم پێخۆش بوو، کە دایکم خوڵکەکەی زۆر گەرم بوو لە گەڵیدا، ئیتر ئەویش قایل بوو وتی: "باشە دێمەوە بەس ئەچم دەورێک ئەدەم بۆ ئەوە هاورێکانم ببینم دواتر دەگەڕێمەوە". ئیتر منیش لەخۆشیا نەمدازانی چی بکەم، جووتێ باڵم هەبوایە دەفڕیم، خۆم هەوڵ کردبوو و ناوماڵم پاک و خاوێن دەکردەوە و چیشت و نانم دروست ئەکرد..

پاییز ئەیهەوێ لێرە بوەستێ، تا وەرزێکی تر .. یان نا تا بەهارێکی تر.. وەها کە تا دوو کاتژمێر من گوێم بۆ دڵتەنگی ئەو گرت .. دیسانەکە وێنەکانمان بەسەر هەڵمی پەنجەرەکە کێشایەوە.. ئەو هێشتا لە بەرامبەرمدایە، ئێستا ردێنی سپی و قژی ماش و برینجی ئەو ئەمپەڕێنێتەوە لە پاییز ...!

خه‌مه‌کانی رۆژگار!


بەم رۆژگاره‌ ماندو بیت و سه‌رقاڵی کاری رۆژانه‌و، له‌ لایه‌کیشه‌وه‌ هاتو هاواری ده‌ستی که‌ناڵه‌ کوردیه‌کان و جه‌نجاڵی ماڵپه‌ره‌کان، خه‌ریکه‌ وام لێده‌کات که‌ ئیتر به‌گه‌رێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک
هه‌واڵی بێزارکه‌رو ماندو نه‌بیستم!!! ئاخر بۆ ده‌بێت ئێمه‌ی مرۆڤ ئه‌وه‌نده‌ ده‌رنده‌بین که‌ هیچ هه‌ستو سۆزێکی مرۆڤایتیمان تێدانه‌بێت؟ جاری وا هه‌یه‌ خۆم له‌ خۆم بێزارم که‌ مرۆڤم کاتێک مرۆڤێکی درنده‌ ده‌بینم، ئه‌گه‌ر چاوم ده‌گرم، به‌ گوێ ده‌یبیستم، گوێشم بگرم به‌ چاو ده‌یبینم!!! خه‌ریکم خۆم له‌ ده‌ست ئه‌م رۆژگاره‌ جه‌نجاڵ و بێ رۆحمه‌دا خۆم بکه‌مه‌ که‌ڕ و کوێرو لاڵ، بۆیه‌ باشتره‌ هیچ نه‌بینی، نه‌بیستی، نه‌بێژی.
بۆ؟ بۆ؟ بۆ ئه‌وه‌ی ژیان له‌ روه‌کێک بچێت به‌ ته‌مای فه‌سڵه‌کان بێت، بۆ بوژانه‌وه‌.
نازانم!!! ئه‌مجاره‌یان خه‌می کچێکی ئێزیدی بخۆم که‌ هه‌ره‌شه‌ی کوشتنی لێده‌کرێت، یان بۆ ئه‌وه‌ خه‌م بخۆم کچێکی ئوتیوپی زێدی خۆی به‌ جێدێڵێت بۆ بژێوی ژیانی خۆیو بنه‌ماڵه‌که‌ی، دواتر له‌ لایه‌ن ئه‌و ماڵانه‌وه‌که‌ کار له‌ ماڵیان ده‌که‌ن ده‌رده‌کرێنه‌ ده‌ره‌وه‌و‌ له‌ نێو پارکه‌کاندا شه‌وانه‌ ده‌نون، یان بۆ ئه‌و ژنه‌ی که‌ به‌ بێتاوان ده‌کوژرێت و ده‌درێیت به‌ ده‌م سه‌گی هاره‌وه‌، یان بۆ ئه‌و مناڵانه‌ی که‌ هه‌ڵیان ده‌خه‌ڵه‌تێنن به‌ نوقڵو چکلێت و ده‌یان به‌ن ‌ بۆ نێودیواره‌ روخاوه‌کان و له‌وێوه‌ لاقه‌یان ده‌که‌ن و ده‌ستدرێژیان ده‌که‌نه‌ سه‌ر، ئاخر بۆ ؟ تۆ بڵێی کاری ئه‌مانه‌ زۆر له‌ فیلمه‌کان که‌ که‌ناڵه‌کان بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌ باشتر بێت که‌ مه‌لاکانی کوردستان فتوای داخستنی ده‌ده‌ن؟ ئاخر بۆ ؟ یاسا کوا ؟ ئه‌ی ویژدان له‌ کوێیه‌‌؟ ئه‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌ کوان که بۆ‌ ئازادی وڵات و یه‌کسانی کۆمه‌ڵگا شوعار ده‌ده‌ن؟ ئه‌ی رێکخراوه‌کانی ژنان

له‌ کوێن که‌ رۆژانه‌ ده‌بینن هاوره‌گه‌زه‌کانیان به‌ ناشیرینترین شێوه‌ له‌قاو ده‌ردرێن؟ من ته‌نها لێره‌وه‌ ماوه‌ بڵێـم داوا له‌ هه‌موو رێکخراوه‌کانی ژنان و دامو ده‌زاگا مه‌ده‌نیه‌کان، ئه‌وانه‌ی کار ده‌که‌ن بۆ یه‌کسانی مرۆڤایه‌تی، ئیتر له‌مه‌ زیاتر به‌سه‌ بێده‌نگی ‌.

١ی مای کە رۆژی کرێکارانی

ئەوەی لای من بۆتە پرسیار و بە بێ وەڵام ماوەتەوە،ئەوەیە ئاخۆ ئێمەی کورد کەی لەو بۆنە و رۆژە تایبەتانە تێدەگەین کە پێویستییان بە شایی هەڵپەرین نییە؟!
١ی مای کە رۆژی کرێکارانی جیهانە،دەبوایە چینی کرێکار بە هەموو دەنگ برژایەنە سەر شەقام بۆ داکۆکی لە مافە رەواکانی خۆیان.  ئەگەر باس لە رۆژە بکەین لە جیهاندا، لەو رۆژەدا بە دەیان و سەدان کرێکار بوونەتە قوربانی و  بە هۆی  کارکردنیانەوە گیانی خۆیان بەخت کردووە لە پێناو بژێوی ژیانیاندا.
 رەنگە لە وڵاتی ئێمەدا ئەم شێوازە خۆ دەرخستنە وەک نەریتێکی لێهاتبێت کە  لە هەر بۆنەیەکدا بە جێی ئەوەی داخوازییەکانیان بخەنە بەردەم دام و دەزگە حکومییەکان ، داوا لە خەڵک بکرێت بۆهەڵپەڕین و شایی بێنە سەر شەقامەکان.
بۆ ئەوەی چینی کرێکار بگات بە ئەو ئامانجەی کە تا هەنوکە پێی نەگەیشتووە، پێویستە شێوازێکی نوێ و دەنگێکی نوێ بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی بە مافەکانی خۆیان ئاشنا بن.

ئەمڕۆ

ئەمڕۆ زۆر دڵم تەنگ بوو، لە هەورەکان زیاتر تامەزرۆی گریانم بوو!
حەزم دەکرد، بە دەنگی بەرز بەرزتر لە ئاسامان بگریم و هاوار بکەم!

حەزم دەکرد، لە گەڵ دڵۆپ دڵۆپی بارانی ئەمڕۆ، نوقمی یادەوەریەکانت بومایە!

حەوتوی ماچ!

ویستم بێدەنگ بم، بەڵام زۆر مەحاڵ بوو بێدەنگی!
پەیکەری خۆشەویستی سوتاندن تەنها کاری بیر تەسکەکانە!
زۆر پێم سەیرە ئەوانەی ماچ، مەحکوم دەکەن هەر پیاون ئەوانەش ماچ دەکەن هەر پیاون، ئاخۆ ئەوانەی ماچیان لا بڤەیە، خۆیان بە راست گۆ دەزانن؟
من دەڵێم نەخێر!!! چونکە هەر ئەوانەن لە ڕاستی ژیان بێبەرین، خۆشەویستی گوزارشت لە پێکەوژیانی دوو مرۆڤ دەکات یان پێکەو ژیانی کۆمڵگایەیکی سالم، بەڵام لە وڵاتی من هەموو درۆیەک راستیەو هەموو ڕاستیەک بوە بە درۆ!
کاتێک وشەی درۆ بە کار دێنم خۆم بە شەرمەزار دەزانم چونکە وڵاتی من حەزی لە شەرمەزاریە، وڵاتی من کوشتن لەلای خۆشەویستیە و سەر بەرزیە بۆ کۆمەڵگا، بەڵام ماچ و خۆشەوستی شەرمەزاریە دەبێت ژیانیان بە کوشتن کۆتایی پێ بێت!
لە نێوان مەسەلە جۆراو جۆرەکانی کۆمەڵگا، گرفتی ژنان و کچان رۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو بێدەرەتانی دەڕواو ناڕۆشن بیری باڵی بە سەر فکری خەڵکدا گرتوەو بیری ئایدۆلژیای تەسک، تەکیان لە ژنان و کچانی کۆمەڵگا هەڵچنیەوە.
ڕەنگە بە درێژای مێژوو نەتوانین مەسەلە جنسیەکانی کۆمەڵگا وەها لە چوار چێوەی گرنگی پێداندا بخەینە بەر باسو لێکۆڵینەوەو ڕێگا چارەی بۆ بدۆزرێتەوە.
خۆشەویستی و عیشق لە کۆمەڵگای ئێمە پڕ کارەساتترین هەڵبژاردەیە و ئۆقیانوسێکە لە خوێن!

شەهلا یارحوسێنی

25.10.2013

کەژێ

 کاتێ لەگەڵ دەستەخوشکەکانی دا لە کۆڵان، لە ژێر دارتووەکەدا، لە پەنای حەسارە داڕووخاوەکەی کۆڵان، یەکیان دەگرت، بە قاقا بەرز و خەندە پچڕ پچڕەکانی ئەتناسییەوە. کچانی گەڕەک هەموو گوێیان هەڵخستبوو بۆ بەسەرهات و قسە خۆشەکانی، تەنانەت کچە وردیلە تازە پێگەیشتوەکانیش کە حەزیان لە گوێگرتنی بوو،

وێنە: موختار هوشمەند

دەوریان ئەدا و، لە ناو خۆڵەکەدا بەردێکی پانیان ئەهێنا و لەبەردەمیا دادەنیشتن. هەر حەکایەتێکی ئەگێرایەوە، وات دەزانی خۆی بەسەری هاتوە، کە پێکەینین بوایە دەتریقایەوە، زۆرجاریش بەدەم گێرانەوەوە، خەمێکی قووڵ دایدەگرت. هەمیشە ئەم خەمەم لە چاوەکانی، لە نیگای، تەنانەت لە پێکەنینەکانیدا دەبینی. زۆرجار هەر لە خۆیم گوێ لێ بوە کە دەیگوت:"بوە تا ئێستا لەوپەڕی خەم و دڵتەنگیدا پێبکەنی و قاقا بتریقێیتەوە". قسەی خۆش و گاڵتەئامێزی زۆر پێ بوو، کەس نەیدەزانی ئەم هەموو قسانە لە کوێ دێنێت، نە خوێندەواری هەبوو، نەوەک ئێستا تەلەفزیۆن و شتی وا هەبوو، دەیان حەکایەتی ساختەو درووستکراوی خۆیی هەبوو. کە حەکایەتێ تەواو دەبوو، دیسانەکە هاواریان لێ بەرزدەبووەوە
...

رۆژانی ژیان

ئەمشەو شنە بای خەیاڵی پایزت، بەرەو ئامێزی گەرم و، بێدەنگی تۆی هێنام!
وەک چۆن گەڵاکان، بە شنەی باو، لەرینەوەی دارەکان، سەمای پایز دەکەن،،
منیش بە بۆنی هەناسەی تۆ و روخساری شیرینت، دەمبەیتە نێو ئاوازو سەماو، سیمای پایزێکی رەنگاوڕەنگ دەکەیتە تابلیۆی ژیانم.

ناوت ناهێنم بەڵام،، بۆت دەنوسم!

کاتێک گوێم لە دەنگت بوو، وە تۆم بینی، خۆمم پێ ڕا نەگیراو دام لە پرمەی گریان گریانێک، لە قوڵایی ناخەوە هەڵدەقوڵێت و لە مێژە حەزم دەکرد بە دەنگی بەرز بمکردایە!
دەزانم خۆت ئەو کەسە مەزنە بێهاوتایەی کە تەنها خۆت لە واتای تەنیایی دەگەیت و بە دیار حەزەکانی خۆتەوە قەتیس ڕاماویت.
خەمباری و کز بوونت بە روخسارتەوە دیار بوو، هێمای ژوورەکەت یەک پارچە ساردوسڕی بوو.
کاتێک بانگم کردی و بە دەنگێکی کزی سامناکەوە جوابت دامەوەو پێت گوتم: دەزانی من ئێستا لە تەنیا تەنیاترم، لە گەڵای پایزێک تەنهاتر کە بەدەم گڤەی ڕەشەبای پایزەوە نوقمی بەرزایی ئاسمان دەبێت؟
گوتت لە دوای ئەو هەموو ساڵە هەستم نەکردوە تەنیام، بەڵام ئێستا ژورەکەم پڕە لە بۆن و بەرامەی تەنیایی، زۆرجار هەناسەم دەکەمە هاودەنگی خۆم و مۆمێک دەکەمە روناکی، بەڵام لە دوایدا هەر دەسوتێم و دەسوتێم....

شەهلا یارحوسێنی
26.10.2013