۱۳۹۲ آذر ۳, یکشنبه

دڵۆپێک لە دەریای ناداد پەروەری!

 
زۆر لە مێژە بە نێو خەیاڵەکانی فرمێسکدا دێم و دەچم بۆ ئەوەی فرمێسکەکانی فرمێسک، لە لاپەڕەیەی نێو یادەوەریەکانمدا هەڵگرم!
فرمێسک، کچێکی شۆخ و شەنگ، ڕوخساری وەک مانگی یەک شەوە دەدرەوشایەوەو هەر بە هۆی سیما پڕ حەزین شیرینەکەی خێزانەکەی، زۆر بە کەمی دەیانهێشت بچێتە دەرەوەو، هەمیشە وەک کەسێکی دەس بە سەر وا بوو.
فرمێسک حەسارێکی پانو بەرینیان هەبوو لە نێو ئەم حەسارەدا دارتوویەکی گەورەیان هەبوو، هەمیشە هاوینان لە ژێر سێبەری دار تووەکە کاتیان بە سەر دەبردو چایی عەسرانەیان لەوێ دەخواردوە.
 کچە گەورەی ماڵ( فرمێسک) دەکەوێتە داوی خۆشەویستی کوڕێک، بە ناوی( شوانە)
خێزانی شوانەیش زۆر لە خێزانی فرمێسک باشتر نەبوون.
ئەم دوو ئاشقە رۆژ لە دوای رۆژ لە نێو حەزەکانی یەکدا، دەتوانەوە.
فرمێسک گڕوتینی خۆشەویستی وای لێ کرد بوو وەک کەسێکی نامۆ خۆی دەبینیەوە لە نێو خێزانەکەی، ڕۆژان بە دەم دڵتەنگیەوە کارو باری ناوماڵی دەکردو فرمێسکەکانی بەردەوام تێکەڵ بە خۆراکی ڕۆژانەی خۆی بوو،  هەمیشە لە خەیاڵی ژیانی خۆیدا بوو کە ئایا بتوانێت ڕۆژێک بێت لە ئامێزی خۆشەویستەکەی خۆی بگرێتەوە؟
چەندە بەرەو ئامێزی خۆشەویستی دەچوو، ئەوەندەیتر، ژیانی دژوارتر دەبوو.
ماڵی فرمێسک، زۆربەی ساتەکان کێشەو ژاوەژاو بوو، بە هۆی ئەوەی کە دەیانزانی کچەکەیان  خۆشەویستی هەیە.
فرمێسک بەردەوام گێچەڵیان پێدەگێڕاو قسەو ناوناتۆرەی نەشیاو رۆژانە بەر گوێی  دەکەوت، زۆر ئاواتی بە مەرگی خۆی دەخواست، دیسانەوە لێوی خۆی دەگەست و دەیگوت: نا، فرمێسک نا، ئارام بگرە ئارام!
ڕۆژگاری خۆشەویستی فرمێسک  پڕ تەماویترین ساتەکانی ژیانی بوو.
ڕۆژێک باوکی لە کونجی ماڵەوە دادەنیشێت و خەیاڵی بەرەو لای فرمێسک پاڵی پێوەدەنێت و، پاکەتەسیگارەکەی دەردێنێتو، سیگارێک پێدەکاو، یەک  نەفەسی قوڵی  لێدەداو دەبینێت فرمێسک وا خەریکی حەوشو حەسارەو خەریکی خاوێنکردنەوەیە، بە دەنگێکی بەرز بانگی لێدەکات، کچم فرە " گیان" تا لای باوکت نایەیت؟ باوکی دەیویست بە قسەی خۆش و نەرم لە گەڵی بدوێت بۆ ئەوە قایلی بکات و پێی دڵێت: کچم کوڕێکی خزمی خۆمان بە تەمایە بێتە خواز بێنیت، تۆ دەبێت واز لەو کوڕە خوێریە بێنی داوای هەر چی بکەیت بۆت دەکەین، ژیانت دەکەوێتە خۆشی پەیمان دەدەم، ئەگەر تۆ ژیانت نەکەوێتە خۆشی من لە بەرچاوی تۆو هەموو خەڵک،" سمێڵی" خۆم دەتاشم.
فرمێسک زۆر نائومێد دەبێت دەڵێت: بابە گیان من ناتوانم مێرد بە کەسێک بکەم کە خۆشم نەوێت ناتوانم درۆ لە گەڵ خۆم بکەم ئەی خەڵک چیم پێدەڵێن دوایی؟ هەموو خەڵک دەزانن من خۆشەویستم هەیە، باوکی زۆر بە توڕەیەوە هاواری لێکردو گوتی هەی" قەحبە" من قسەی باش بۆ تۆ ئەکەم تۆ ئەتەوێت لە نێو خەڵک ئابروو شەرەفمان بەریت؟؟؟ هەتا دەتوانێت، بە هەموو هێزی خۆی، یەک شەپاڵەی بە سەردا دەداو پرچی دەگرێت و بەر پێلەقەی دەدات و بە قسەی ناحەز دەری دەکاتە دەرەوە لە ژوورەکەداو پێی دەڵێت: کەس نەهاتوە بۆ داوات، بەڵام،" تەڵاقم" کەوتبێت سەبینێ  هەر کەس بێت  مارەت ئەکەم لێی.
فرمێسک دەست دەکات بە هاوارو پاڕانەوەو پەلاماری دەستی باوکی دەدات ماچی بکات، باوکی بە هەموو هێزی خۆی پاڵی پێوەدەنێت و لە سەر پشت دەکەوێت. چاوەکانی فرمێسک، لە فرمێسکدا قەتیس رادەمێنن، ئەندامانی خێزانەکەی هەموویان خۆیان کشو مات کردبوو سرتەیان لە دەم نەدەهاتە دەرەوە تەنها دایکی نەبێت بە هاناسەیەکی ساردەوە بەرەو پیری فرمێسک دەچێت و باوەشی پێدادە کاتو پێی دەڵێت: ڕۆڵە گیان کچە شیرینەکەم، بە قسەی دایکی خۆت ئەکەیت لەم گێژاوە خۆت درەباز ئەکەیت واز دێنیت، بەڵام قسەکانی دایکیشی هەر جیگای قایل نەبوون.
رۆژ هات رۆژ چوو، فرمێسک ماوەیەک لە ترسی باوک و ئەندامانی خێزانەکەی پێوەندی کەم دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بڵێن وازی هێناوە، ڕۆژێک بە هەڵکەوت شوانە، بە بەردەرگای ماڵی فرمێسک تێدەپەڕێت، لە پڕداباوکی فرمێسک پەیدا ئەبێت بە یەکدا هەڵدەتەقن، شوانە، زیاتر پێهەڵدەگریت بۆ ئەوەی زووتر لە باوکی فرمێسک تێپەڕ بێت و ملی دادەخات، باوکی فرمێسکیش مۆڕەیەکی لێدەکاتو پێیدەڵیت ئەوە ئاخرین جارە ئەم ڕێگا دووبارەکەیتەوە.
شوانە ئاوڕی لێ ناداتەوەو ملی ڕێگای خۆی بەرنادا.
لە دوای ئەو حاڵەتە،  شوانە بە پەلە گەڕایەوەو، دەست بە جێ،  نامەیەک بە کەسێکدا دەنێرێت بۆ فرمێسک!
دوای چەند رۆژێک، نامەکە  بە دەست فرمێسک دەکەوێت، کە لە لایەن خۆشەویستەکەیەوە بۆی نێردراوە، لە نامەکەدا نوسرابوو: فرمێسکی خۆشەویستم سڵاو، من لەوە زیاتر بەرگەی ئەم چاوەڕوانیە ناگرم دەبێت فکرێک بکەینەوە لە خۆمان، یان دەبێت لە گەڵم بێیت برۆین بە لایەکدا، یان کۆتایی بە نێوانمان بێت.
فرمێسک ئەو ڕۆژە هەتا ئێوارێ مات و مەلەول بوو حەزی نەدەکرد کەس بانگی بکات پێیخۆش بوو لە خەڵوەتیا نقوم بێت، جار ناجارێکیش ئاوڕی لە ئەندامانی خێزانەکەی دەدایەوە بۆ ئەوەی کەس شکی پێنەکەن کە شتێ لە ئارادا هەیە خۆی بە شتێکەوە خەریک ئەکرد.
بەڵام دایکی لە هەموو ئەندامانی خیزانەکەی زیاتر پەرۆشی دەبوو وە باش دەموچاوی دەخوێندەوە، دڵی زۆر بۆی دەسوتا، کە نیگای تێدەبڕی، یەک نەفەسی قوڵی هەڵدەکێشا.
رۆژ ئاوا بوو باڵندەکانی ئاسمان  هەموو بەرەو هێلانەو ماڵ دەفرین، بەڵام فرمێسک هێشتا لە فرینی ژیانێک بەرەو هیوای دوارۆژ، نامۆیەو سنورەکانی لێ داخراوە.
بوو بە نیوە شەو، هەموو خەوتبون، دونیا کشومات، فرمێسک هەر لە نێو گێژاوی بیر کردنەوەدایەوە نازانێت فرینی یەک جاری  هەڵبژێرێت یان نوقمی شەپۆلەکانی دەریای ئۆقیانوسی بێ کۆتایی ببێت، فرمێسکی بەستەزمان وای لێهات بوو باوەڕی بە کەس نەمابوو کە دەردەدڵ و پرسێکی پێبکات.
تەنها خۆی بیری دەکردوە لە گەل ناخی خۆیدا دەدوا، لە قوڵایی بیر کردنەوەدایە. ئەو لە پەڕی هەموو خێزانەکەیانەوە جێگای راخست بوو لە نزیک دەرگەی ژوورەکەیان و هەر چاوی بڕی بوە دەرگاکەو وەک ئەوەی دەلیلی تێگەڕا بێت، هەستێکی سەیری لا دروست ببو.
فرمێسک گوێ قوڵاخ ببو هەستی کرد، خشە خشێک دێت، ئۆقرەی لێبڕا هەستا بە ئەسپایی، بێ سرتە ،
چووە نێو حەسارەکەوە تارمایەکی بینی و بێدنگ بوو،، کاتێک بینی ئەوە خۆشەویستەکەیەتی،( شوانە) زۆر هەڵبڕسکاو ترسێکی سامناکی لێ نیشتبوو، بە دەنگێکی کزو خەماویەوە گوتی بۆ هاتووی بۆ ئێرە؟ ئەگەر پێت بزانن دەازنی چی ڕوودەدات؟
شوانە گوتی: بۆم گرنگ نیە چی ڕوو دەدات.
من هاتووم تۆ ببەم لە گەڵ خۆم من ژیانی خۆم لە سەر تۆ دادەنێم ئەگەر بە قسەم بکەیت.
فرمێسک هەندێک تێڕاماو زمانی پێچا بەیەکداو گوتی ئاخر بۆ کوێ بڕۆین؟
من دەزانم  ناتوانین دەربچین ئیتر پێم ناڵێیت بۆ کوێ؟ بمانگرن ئەو کاتە ژیانی تۆیش بە منەوە کۆتایی پێدێت.
 هەر دوکیان لەم قسانەدا بوون هێدی هێدی  دەستیان لە یەک نزیک دەبێتەوەو
دەیانەوەێت هەناسەیان تێکەڵ بە تاریکی بکەن!
 بەو تاریکیە لە ژێر پەلکی دارەتوی  نێو حەسارەکەیان بە ئەسپای دانیشتنو کەوتنە دەردە دڵی خۆیان، لە نێو قسەوباسی خۆیاندا هەوەسیان نەماو نوقمی حەسرەتو بێ ئۆقرەیی ببون، بە دەم قسەوە بون، دونیا زیاتر و زیاتر تاریکتر دەبوو مانگەشەوو ئەستێرەکان بەرەو لەیەک دابڕان دەچوون، فرمێسکیش لە کۆتاییدا بە
شوانەی گوت: دەزانی من ناتوانم لە گەڵت بێم ؟
 دەزانی ئەمە دواین دیداری من و تۆیە لە تاریکی ؟
دەزانی من ئیتر مردووم؟
شوانە بەم قسانە، زۆر نائومێد بوو گوتی ناتوانم باوەڕ بەوە بکەم، من گەورەترین کۆشکی عەشقم لە خولیای خۆمدا دروست کرد بوو!
 هیچ تێناگەم لەم مەملەکەتەی من تێیدا دەژیم!
فرمێسک: منیش تێناگەم !
 ئەوانیش تێناگەن!
 هەر هەمومان تێناگەین!!
شەهلا یارحوسێنی
24.11.2013
نۆروێژ


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر