۱۳۹۲ بهمن ۹, چهارشنبه

ڕێبەندان !



ڕێگات گوڵ بێت دەنگت بەرزو دەستت پڕ بێت!

ڕێبەندان!


تۆ بووی بە چرا لە هەر چوار پارچەی وڵاتم!

ڕێبەندان!

تۆ موژدەی ئازادیت و هەموو ساڵێک پڕ لە سەما!

ڕێبەندان!

پەیامەکەت مەدالیایەوە هەموو کاتێک لە ملدایە!

ڕێبەندان!

تۆ سرودی ئەی ڕەقیبی، لە دڵماندا جێت گرتووە!

تۆ ئاڵای سێ رەنگی کوردی، هەتاو لە دڵتا نیشتووە!

تۆ ووشەی پیرۆزی پێشمەرگەی، سینگت وەک قەڵغان گرتووە.


شەهلا یارحوسێنی

22.01.2014

ئاوێنە!



کاتێک لە ئاوێنەی دڵمەوە سەیری سەراپای باڵات دەکەم، هێدی هێدی دەمبەیتەوە بەرە وەرزی خەیاڵ و لە نێو ئامێزی، بیابانی سپیدا دەملاوێنیتەوە.

ئاوێنەکەی من، جار و بار زۆر دڵتەنگە، کاتێک دەکەوینە گفتوگۆ پێکەوە فرمێسکەکانمان وەک ڕێژنەی باران دادێت، ئێوارەی زستانێک بوو دارو دەوەن سەراپا بەرگی سپیان پۆشی بوو!

منیش وەک هەمیشە هەر کە ئێوارە دادەهات، حەزم دەکرد تەنها بم و لە گەڵ ئاوێنەکم بێمە گفتوگۆ، بەڵام بە هەڵکەوت ئەمجارە ئێوارەی ئەم زستانە، ئاوێنەکەم هاتە گفتوگۆو، دەستی کرد بە گێڕانەوەی رازو نیازی دڵی .

ڕازو نیازەکە بەم شێوەیە بوو:

ئێوە هەمیشە بە من ئەڵێن، تۆ کەنیشکێکی باشی تۆ کەنیشکێکی باوەڕ پێکراوی ئێمە باوەڕمان پێتە،

بۆیە بە دورکەوتنەوەیشت زۆر دڵنیان کە هیچ کات توشی نیگەرانیمان ناکەیت.

من دەڵێم ئەو باوەڕو ڕێزە هیچ کات بە تەنها بە دەستم نەهێناوە و نایشمەوێت هیچ کات، ئەو ڕێزو باوەڕە بە دەستم هێناوە لە دەستی بدەم.

من ئەو کەنیشکە نیم ڕێزی خۆم نەپارێزم.

من هەمیشە گوتومە حەز دەکەم دونیا تاقی بکەمەوە، حەزەکەم ژیانێکم هەبێت پڕ لە ڕەنگ و خۆشی بێت، ئەمەوێت خۆشی من لە گەڵ بنەماڵەو دۆستو هاوڕێکانم بێت.

نامەوێت ئەو کەنیشکە بم دوای بیست ساڵیتر هیچ بیرەوەریەکم نەبێت باسی بکەم، ئەمەوێت کەسێک بم بتوانم باسی ڕابردو، خۆشی ڕابردو بکەم لە بەرامبەر خەڵکی گەنج و پیر، باسی کاتی خۆشی و ناخۆشی ژیانم بکەم،بەس بێ ئەزمون ناتوانم. ووتەیەک هەیە ئێژێ بۆ ئەوەی لە پیریدا بە توانا بیت دەبێت لە گەنجیدا کەمێک سەر شێت بیت.

مەبەستم ئەوەیە کە حەز دەکەم پەشیمان بم لەو شتانەی کە کردومە تا ئەوەی پەشیمان بم لەو شتانەی کە نەمکردوە.

چونکە پەشیمان بوونی شتێک وا کردومە و بە چاوی خۆم بینیومە، ئەو کاتە کە گەورە بووم دەتوانم باسی بکەم بۆ خەڵک بەس ئەگەر پەشیمانی شتێک ببم کە نەم کردوە، ئەو کاتە نەک هەر ناتوانم هیچ باسێک بکەم، بەڵکو نایشتوانم وێنەیەک لە مێشکمدا دروست بکەم کە بەو شێوەیە بووە.

من حەز ناکەم ئەو کەنیشکە بم کە هەر لە چوار چێوەی ماڵی خۆیایەو دونیا نابینێت.

من ئەمەوێت ئەو کەنیشکە بم کە لە دەرەوەی ماڵی خۆمدا دونیا ببینم و نەخشەیەک دروست بکەم لە ژیانمدا، نەخشەیەک بۆ داهاتوو.

ئایا من دەتوانم ئەو کەسە بم باوەڕ بە خۆمو بە دەورو بەرم نیشان بدەم؟

ئەی کەی بتوانم ئەو کەسە بم خاوەن قسەی خۆم  بم ؟

ئەی ئەگەر باوەڕم پێدەکەن بۆ ناهێڵن تواناکانی خۆم وە گەڕ بخەم؟

 حەزدەکەم گەشتێک بکەم بە دونیادا و ڕاهێنانێک بکەم لە سەر ژیان،

 حەز دەکەم جیهان ببینم، حەزەکان زۆرن بەڵام پێشگرتنەکان زۆرترینن و حەزەکان دەکوژنو، ئاوێنەکان دەشکێنن!

لەم ڕازونیازەی ئەم جارەدا تەنها شتێک بۆ من سامناک بوو!! ئەویش فرمێسکەکانی ئاوێنەکەم بوو چونکە هەرگیز بەم شێوەیە چاوەکانی ڕێژاو نەبوون.

شەهلا یارحوسێنی

28.01.2014

۱۳۹۲ دی ۱۹, پنجشنبه

کەسەکەم !


بە بینینی  یادگاریەکانت فرمێسکەکانم قەتیس راماون کەسەکەم!

کەسەکەم ،، بۆ تۆ بووم بە قەقنەس و لە خەرمانێکی سوتاو ئەچم!

کەسەکەم،، تۆ هەموو شەوان لە نێو خەیاڵمدا، لە جێی مۆمێک  داتدەنێم!

کەسەکەم،، خۆزگەی حەزەکانت بوون بە دواین دڵۆپە بارانی پایزم!

کەسەکەم،، پێکەنین و زەردەخەنەت نوقمی نەفەسی خەیاڵم بوون!!

ئارەزووم بوو ببینم دوا نیگای ماڵئاوایت، هۆ،،، کەسەکەم!!!

 

شەهلا یارحوسێنی

09.01.2014

هاتن بۆ ماڵی باوان، بەڵام!

 


 لە ترسی بەعسوو گورگە چاوبرسیەکانی ڕژێمی ئەسەد، پەنایان هێنایە پارچەی ئازاد کراو، بۆ ئەوەی داکۆکی لە ماف و کەرامەتی خۆیان بکەن و دەست درێژی نەکرێتە سەریان، سنورەکانی ڕۆژئاوا و باشوریان کردە پردی پێوەندی بۆ ڕزگار بوونیان!

ڕوداوی جیاواز، ڕۆژانە لە کوردستان  بووەتە وێردی سەر زمانی مێدیاکان، ئەوەندە ڕۆژانە روداوی کۆمەڵایەتی بڵاو ئەبێتەوە کەمتر سیاسی، حاڵەتی ڕوداوەکان ئەوندە قێزەونن مرۆڤ بێزی لە مرۆڤایەتی ئەبێتەوە، هەر چەند باس لە کارەساتەکان بکەیت، کە دیکتاتۆرەکان بە سەر گەلی کوردی هێناوە ئەوەندەی ئەوەی جەرگ بڕ نیە کورد بە سەر خۆی دێنێت، دەتوانم بڵێم مەخابن لەم دوایانە باشور بووە بە مۆڵگەی مافیاو ڕۆژ نیە نەبیستین ژنێک کوژرا، کچێک دەستدرێژی کرایە سەر یان ژنێک خۆی کوشت، ئایا کێ لەم کارانە بەر پرسیارە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە حکومەتی هەرێم بەربەستێک بۆ ئەم جۆرە روداوە نەشیاوانە دابنێت؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە یاسای باری کەسێتی کاری پێبکرێت لە چوار چێوەی پراکتیکدا؟ ئایا یاسای دەسڵاتی کوردی بە یاسای خودی هەژمار دەکرێت؟

ئایا دەست درێژی بۆ سەر کچێکی شازدە ساڵە بە گەلە کۆمە، لە کوشتنی ڕۆژنامە نوسێک کەم بایەخترە؟

ئایا پێتان وا نیە کوشتن و دەست درێژی کردنە سەرکچان و ژنان لە کوردستان پێشێل کردنی ئازادی تاکە لە کۆمەڵگا؟

ئایا جەماوەری کوردستان بە تایبەت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئامادەن بێنە سەر شەقام هەر وەک چۆن بۆ کاوە گەرمیانی دەنگی نارەزایەتیان بەرز کردەوەو پارێزگاریان لە ئازادی بیرو ڕا کرد،  هەر بەو شێوەیەش پارێزگاری لە ئازادی ژنان بکەن؟

شەهلا یارحوسێنی

09.01.2014
نۆروێژ

۱۳۹۲ دی ۱۷, سه‌شنبه

مەپرسە!

لێم مەپرسە، بۆ  پەرۆشم بۆت؟
لێم مەپرسە، بۆ  تامەزرۆی هەناسەتم؟
لێم مەپرسە، بۆ دبمە هەوری دڵ پڕ؟
لێم مەپرسە، بۆ بارانم خۆش ئەوێت؟
لێم مەپرسە، بۆ بەفرم خۆش ئەوێت؟
مەپرسە هەرگیز مەپرسە!!!!
دەزانی ئەمە تەنها خورپەیەکە لە دڵی ڕاچڵەکاوم؟
ئەی ئەوە دەزانی لە هەر ڕاچەڵەکانێکدا وشەیکەت بە گوێمدا دەزرنگێتەوە؟
دەزانم تۆ ئیتر لە دورگەی ڕۆحێکی ئەفسوناویدا خۆتم نیشان دەدەیت و ناخم داگیر ئەکەیت.