۱۳۹۲ آبان ۱۱, شنبه

‫ژورەکەم و وێنەکانی تۆ!

لە تەنهایی ژورێکی پڕ لە یادەوەریدا، شەو بە دەم هەنسکی گریانەوە, دێمە گفتوگۆ لە گەڵ وێنەکانتدا کە بە دیواری ژورەکەمەوە هەڵواسراوە!
لە گەڵ هەر وێنەیەکەت وشەیەکت دێتەوە یادم!
لە گەڵ یەکەم وێنەدا، بیرم هاتەوە کە گوتمان منداڵمان بوو ناویان لێ دەنێین: مەم، گوڵزار، شاسوار، هەرزاڵ.
ئەم شەو مانگەشەوە،، مانگە شەوێک کە یادەوریەکان لە خۆی دەگرێت و ئەستێرەکان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە.
حەزم کرد ئەم شەو تەنها من و تۆ و ژورەکەم، لە گەڵ وێنەکانتدا تێر بدوێم و هەرچی وشە نەگوتراوەکان بگوترێت و دەستی تەنهاییم بگریت بۆ مەمەلەکەتی خۆت!
من هەست دەکەم کەسێکی یاخیم! یاخییەك کە بیست ساڵ زیاترە هیچ کەس دەرکی پێنەکردوم جگە لە تۆ!
هەرگیز نەمدەزانی تۆ من لە نێو بەرداشی ئەم ژینە پڕ لە نامۆیەدا بە جێدەهێڵت، ئیستا دانیشتووم دەست بە پرچی ماش و برنجی خۆمدا دەهێنم کە لە مێژە دەستەکانی تۆی لێبڕاوە، ئەو دەستانە کە زۆر جار لە نێو تاڵ تاڵی پرچمدا نوقوم دەبوون!
من هەموو شەو لە گەڵ ئاواتەکانی تۆدا خۆم دەلاوێنمەوە و دەڵێم ئەگەر ئەم چوار ئاواتەی تۆ نەبوایە من لە تەنهاییدا دەخنکام و هەرگیز نەمدەتوانی وێنکانت بدوێنم!
هەر چوار ئاواتەکەت ئێستا گەورە بوون و هەر یەک لە ئەوان تۆیان لێ بە دی دەکەم!
گوڵزارو هەرزاڵ شەوان بە گۆرانیەوە من دەکەنە خەو خەوێک کە رێژنە فرمێسکەکان لە گەڵ خۆی دێنێت!
فرمێسکەکانی من ملوانکەی یاقوتی سوری هەر چوار ئاواتەکەی دڵی تۆیە!
ژورەکەم و وێنەکانی تۆ، هەر گیز کۆتایان نایەت !

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر